کێشەی گرینلاند، پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکای ئاڵۆز کردووە

دووشەممە، 19ی کانوونی دووەم، 2026، ڕۆنامەی 'تایمز'ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، گرژییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی سەپاندنی باجی قورسی کردە سەر ئەو وڵاتانەی دژایەتیی خواستی ئەمریکا دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند.

کێشەی گرینلاند و کاردانەوەی بەریتانیا

ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بڕیارە ئەمڕۆ گوتارێکی بەپەلە لە "داونینگ ستریت" پێشکەش بکات، دوای ئەوەی بە تەلەفۆن بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاند "سەپاندنی باج لەسەر هاوپەیمانانی ناتۆ هەڵەیە." 

ترەمپ بڕیاری داوە باجی 10% بسەپێنێت بەسەر ئەو وڵاتانەی هەفتەی رابردوو بەشدارییان لە مەشقێکی سەربازیی ناتۆدا کردووە لە گرینلاند، هەروەها هەڕەشەی کردووە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا رێژەی باجەکە بۆ 25% بەرز دەکاتەوە ئەگەر دانیمارک گرینلاند ڕادەستی ئەمریکا نەکات.

ستارمەر، هەوڵ دەدات فشارە ئابوورییەکان کەم بکاتەوە و رێگەی دیالۆگ بگرێتە بەر، بەڵام هۆشداریی داوە کە ئەم هەنگاوەی ترەمپ دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا و زیان بە ئاسایشی ناتۆ دەگەیەنێت.

هەڵوێستی توندی ئەوروپا

لەکاتێکدا بەریتانیا هەوڵی هێورکردنەوە دەدات، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە سەرۆکایەتیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، هەڵوێستێکی زۆر توندتریان گرتووەتە بەر. ماکرۆن، داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە "بازۆکای بازرگانی" (Trade Bazooka) دژی ئەمریکا بەکار بهێنن. ئەمە ئامرازێکی دژە-زۆرەملێیە (Anti-coercion instrument) کە یەکێتییەکە پێشتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین دروستی کردبوو، بەڵام ئێستا وەک "دوایین چارەسەر" دژی ئەمریکا تاوتوێی دەکات. ئەم ئامرازە ڕێگە دەدات ئەوروپا دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بازاڕی ناوخۆیی ئەوروپا سنووردار بکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیا کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، جەختی کردەوە لەوەی 'یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە، بەرانبەر هەر جۆرە فشارێک بەرگری لە خۆی بکات.' سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا تاوتوێی سەپاندنی باجی تۆڵەسەندنەوەیان بە بەهای 93 ملیار یۆرۆ کردووە، بەڵام بڕیاریان داوە کەمێک چاوەڕێ بکەن بۆ ئەوەی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لەم هەفتەیەدا، هەوڵی کۆتایی لەگەڵ ترەمپ بدەن.

پاساوەکانی ئەمریکا و دۆخی مەیدانی

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بەرگری لە بڕیارەکەی ترەمپ کرد و گوتی: ئەوروپییەکان بەهۆی هەڵوێستی لاوازییانەوە، ترەمپیان ناچار کردووە ئەم هەنگاوە بنێت. 
بێسێنت، ئاماژەی بەوە دا "بابەتی کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بۆ ئەمریکا، پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ رێگریی لە شەڕی گەرم لەگەڵ چین یان ڕووسیا لە ناوچەی جەمسەری باکوور."

ئابووریناسان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ترەمپ لەم بڕیارە پاشگەز نەبێتەوە، تەنیا ئابووریی بەریتانیا  بە بەهای شەش ملیار پاوەند زیانی پێ دەگات و کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل تووشی قەیرانێکی گەورە دەبێت کە هەزاران هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.

بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو سەرۆک ئەرکانەکانی ناتۆ و رۆژی پێنجشەممەش سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنی ئەم قەیرانە کۆ ببنەوە.