وەزارەتی ناوخۆ: سنووری عێراق-سووریا زۆرترین ڕێوشوێنی ئەمنی تێدا گیراوەتەبەر

سنووری عێراق-سووریا
سنووری عێراق-سووریا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق پەیامێکی دڵنیایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەواوی سنوورەکانی وڵات لە دۆخێکی ئارامدان. وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە کە لە نێوان هەموو سنوورەکاندا، سنووری هاوبەش لەگەڵ سووریا زۆرترین ڕێوشوێنی ئەمنی تێدا گیراوەتەبەر.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دۆخی ئەمنیی سنوورەکانی وڵاتی خستەڕوو.

میقداد میری، بەڕێوه‌بەری پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: سەرجەم سنوورەکانی عێراق ئارام و پارێزراون.

میقداد میری، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە تایبەتمەندیی سنووری ڕۆژئاوای وڵات کرد و گوتی: "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا لە ڕووی ئەمنی و ڕێوشوێنەکانی قایمکردنەوە لە پلەی یەکەمدان و پارێزراوترینن."

ئەم لێدوانەی بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەهێزکردنی سەنگەرەکان و دانانی بەربەستی کۆنکرێتی و کامێرای چاودێری لەسەر هێڵی سنووریی نێوان عێراق و سووریا، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دزەکردنێکی تیرۆریستان و قاچاخچێتی.

ئەم ئامادەکارییەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە هات، کە سوپای عەرەبیی سووریا دوای داگیرکردنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، چەند زیندانێکیان شکاند کە ئەندامانی داعشی تێدا زیندانی کرابوون، ئەو زیندانانەش لە ناوچەکانی نزیک سنووری عێراق بوون، بۆیە مەترسی دووبارە گەڕانەوەی داعش، هێزە ئەمنییەکانی عێراقی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.