سەرۆکی ئازەربایجان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بانگهێشتی باکۆ کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیلهام عەلییێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەرۆک عەلییێڤ ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی ئازەربایجان و کوردستان کرد و بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ سەردانکردنی باکۆ و ئامادەيیی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی ئازەربایجان لە هەولێر دەربڕی."
سەرۆکی حکوومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان دووپات کردەوە.
دۆخی گشتیی ناوچەکە و بەتایبەتی پەرەسەندنەکانی سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. لەمبارەوە سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لەبارەی شەڕ و پەرەسەندنە سەربازییەکان دەربڕی.