نێچیرڤان بارزانی: بۆ ڕاگرتنی شەڕ ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە پێکدادانەکانی نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەردەبڕێت و هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامیی شەڕەکە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات، هاوکات ئامادەیی هەرێمی کوردستانیش بۆ نێوەندگیری و گەیشتن بە ئاگربەست ڕادەگەیەنێت.
سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە بەردەوامیی پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڕوانین.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، بەردەوامیی ئەو شەڕ و پێکدادانانە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە بەگشتی دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش بێتە ئاراوە.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، "هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەکانەوە بەردەوام لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا لە پەیوەندیداین بۆ ڕاگرتنی شەڕ و گرتنەبەری ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە پێناو چارەکردنی ئاشتییانەی کێشەکان."
دووپاتیشی کردووەتەوە کە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، هیچ کێشەیەک چارە ناکات و بەڵکوو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات کە ئەرکی خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش جێبەجێ بکات.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، "ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و یارمەتییەکین بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێککەوتن."
نێچیرڤان بارزانی، لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جەختی لە پاراستنی مافی کورد و تەواوی پێکهاتەکانی سووریا کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە ئەو مافانە لە دەستووری داهاتووی ئەو وڵاتەدا مسۆگەر بکرێن.