فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان: دەستبەجێ كۆتایی بە شەڕ لەدژی خوشك و براكانمان لە سووریا بهێندرێت

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە بانگەوازێکدا دەڵێت: ڕەچاونەكردنی تایبەتمەندی و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان لەدژی گەلی كورد دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە.

هاوکات داواکارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لەئاست بەرپرسیارەتییاندابن بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەمە دەقی بانگەوازەکەیە:

بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی

ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە دوایین ڕووداو و پەرەسەندنەكانی سوریا و ڕۆژئاوا دەڕوانین، ڕەچاونەكردنی تایبەتمەندی و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان لەدژی گەلی كورد دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە و ئەگەری ئاوارەیی و ڕوودانی كارەسات و نەهامەتی و پاكتاوی ڕەگەزی بۆ خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا لێ دەكەوێتەوە.

 لە لایەكی ترەوە گەلی كورد لە رۆژئاڤا لەسەر زێد و خاكی خۆی، لەپێناو برایەتی و یەكسانی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دژایەتیی ستەم و تیرۆر تێكۆشاوە و، لەساڵانی ڕابردوودا، لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سووریا لەئارادایە، دەبێتە هۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر كە ئەمە خۆی لەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جدییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە.

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی ڕوانگە و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و لە سۆنگەی هەست كردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، داواکارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لەئاست بەرپرسیارەتییاندابن و هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرژی و شەڕو پێكدادانەكان لە سووریا و ڕێگریكردن لە قووڵتووتربوونی قەیران و هەروەها ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر و توندڕۆیی. 

داوا دەكەین دەستبەجێ كۆتایی بە شەڕ لەدژی خوشك و براكانمان لە سووریا بهێندرێت و كێشەكان لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن و لە سووریایەكی ئازاد و دیموكراتدا مافی هەموو پێكهاتەكان و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا بەپێی یاسا و دەستوور گەرەنتی بكرێن.

 

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان