سوودانی و مەزڵووم عەبدی دۆخی ئەمنیی سووریایان تاوتوێ کرد
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، گفتوگۆیان لەبارەی مەترسییە ئەمنییەکانی سووریا کرد و سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ڕێگری لە هەڵاتنی تیرۆریستان لە زیندانەکان بکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام داوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی پەیوەندییەکەدا تاوتوێی پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریا کراوە لە ژێر ڕۆشنایی دوایین پێشهات و ڕووداوە ئەمنییەکان، هەروەها کاریگەرییەکانی ئەو دۆخە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و عێراق خراوەتە بەر باس.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆکەدا جەختی لە پێویستیی چەسپاندنی "دیالۆگ و گفتوگۆ" کردووەتەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە شێوەیەک کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا مسۆگەر بکات و یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی ئەو وڵاتە بپارێزێت.
هەروەها سوودانی ئاماژەی بە دۆسیەی زیندانییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە، دەبێت کار بکرێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی تیرۆریستان دەرفەت وەربگرن بۆ هەڵاتن لە زیندانەکان.