پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ دەکات

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەریەک لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و سەرکردەکانی دەزگا ئەمنییەکان بانگهێشت دەکات بۆ بەدواداچوون و دۆخی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، عەدنان فەیحان دلێمی، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنێکی داخراو ئەنجام دەدات، کە لەدانیشتنەکەدا میوانداری وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ دەکات، لەگەڵ سەرکردەکانی هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاستی ئامادەیی ئەمنی و ئالنگارییە ئەگەرییەکان هەڵسەنگێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی هەڵاتنی ژمارەیەک زیندانی داعش لە زیندانەکانی نزیک سنوور، باس لە تۆکمەکردنی سنووری عێراق و سووریا دەکرێت 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پەرلەمان پاڵپشتی تەواوی هەموو ڕێکار و پلانە ئەمنییەکان دەکات کە لەلایەن حکوومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە گیراونەتەبەر و بەشدارن لە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و پاراستنی سەروەری عێراق و ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی کە هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتیان یان سەقامگیری وڵات بکات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوای لە هەموو هێزە نیشتمانی و سیاسییەکان کرد هەڵوێستەکانیان یەکبخەن و بەرژەوەندی باڵا لە پێشینەدا دابنێن و هێزەکانیان یەکبخەن بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و یەکێتیی عێراق.