لە داڤۆس؛ مەسرور بارزانی و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات کۆبوونەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات کۆبووەوە و جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیمارات بۆ پێشخستنی کەرتی کارگێڕی و توانا مرۆییەکان کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کارەکانی کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا، دیدارێکی لەگەڵ محەممەد عەبدوڵڵا قەرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات ئەنجام دا.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی کرا. سەرۆکی حکوومەت ستایشی ئاستی پەیوەندییەکان و ھاریکاریی و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد، بە تایبەتی هەوڵەکانیان لە سێکتەرەکانی ڕاهێنان، پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و نوێکردنەوەی سیستەمی کارگێڕی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.

مەسرور بارزانی لە دیدارەکەدا، پەیامی سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەریەک لە شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات کرد، بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانی دەکەن.

لای خۆیەوە وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ درێژەدان بەو هەماهەنگییە و پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویست بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا، بە ئامانجی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.