هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەفر و سەرما دەدرێت

ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت لە سبەی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و سەرما هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: "پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بەفر و باران لە سبەی پێنجشەممەوە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، تاوەکوو درەنگانی شەوی هەینی و بەرەبەیانی رۆژی شەممە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات لەگەڵ ئەم شەپۆلی بەفربارینە ئاگاداری سەلامەتی خۆیان بن.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک و بەشێک لە پارێزگای هەولێر بارانی پچڕ پچڕی مامناوەندە دەبارێت.

بڕی دابارینی بەفری پێشبینیکراو:

هەولێر 2تاوەکوو 5سم 

سلێمانی 10 تاوەکوو 15سم

دهۆک 10تاوەکوو 15سم

کەرکووک ئەگەری دابارینی بەفری هەیە

هەڵەبجە 6 تاوەکوو 8 سم

گەرمیان ئەگەری دابارینی بەفری هەیە 

زاخۆ 10 تاوەکوو 15سم

سۆران 15تاوەکوو 25 سم

راپەڕین 20 تاوەکوو 30 سم.