ترەمپ بۆ کڕینی گرینلاند یەک ملیۆن دۆلار بە هەر دانیشتوویەک دەدات
ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بیر لە پڕۆژەیەکی بێپێشینە دەکاتەوە بۆ لکاندنی دوورگەی گرینلاند بە ئەمریکاوە. پێشنیازەکە بریتییە لە؛ پێدانی یەک ملیۆن دۆلار بە هەر دانیشتوویەکی دوورگەکە ئەگەر دەنگ بدەن بۆ پەیوەندیکردن بە ئەمریکا.
بەو پێیەی ژمارەی دانیشتووانی دوورگەکە نزیکەی 57 هەزار کەسە، تێچووی گشتیی ئەم پڕۆژەیە دەگاتە نزیکەی 57 ملیار دۆلار. ئەم هەنگاوەی ترەمپ وەک بەدیلێک دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی هەژموون و بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچە ستراتیژییەکانی جەمسەری باکووردا.
ترەمپ لە کۆڕبەندی داڤۆس ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ کرد و ڕایگەیاند؛ هیچ سیناریۆیەک نییە ئەمریکا لەسەر گرینلاند بچێتە شەڕەوە لەگەڵ دانیمارک، چونکە هاوپەیمانی ناتۆن.
ئاشکراشی کرد؛ گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن و هەمیشەیی سەبارەت بە دۆخی دوورگەکە لە ئارادایە، بەڵام وردەکارییەکانی بۆ کاتێکی دیکە هێشتەوە.
ترەمپ دڵنیایی دا کە ئەو باجانەی پێشتر هەڕەشەی سەپاندنی کردبوو لە یەکی شوباتەوە بەسەر ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی دژی داواکارییەکانی ئەمریکان بۆ گرینلاند، جێبەجێ ناکرێن.
سەرەڕای ئەم پێشنیازە، هەڵوێستی دانیمارک کە گرینلاند خاکێکی خۆبەڕێوەبەرییە لە چوارچێوەی شانشینەکەیدا زۆر توند و بڕیارلێدراوە؛ کۆپنهاگن بە هەموو شێوەیەک فرۆشتن یان گواستنەوەی خاوەندارێتی دوورگەکە ڕەت دەکاتەوە.
پێداگری دەکەن؛ هەر بڕیارێک سەبارەت بە چارەنووسی دوورگەکە، تەنیا بە ڕەزامەندی فەرمی دانیمارک دەبێت.
گرینلاند ئێستادا خاکێکی خۆبەڕێوەبەری سەر بە دانیمارکە. لە ساڵی 1951، واشنتن و کۆپنهاگن ڕێککەوتنێکیان کرد، تێیدا ئەمریکا پابەند بووە بە پاراستنی سەربازیی دوورگەکە لە هەر هەڕەشەیەک، ئەمەش جیا لەو پابەندییانەی هەردوو وڵات لە چوارچێوەی ناتۆدا هەیانە.