ھێمن ھەورامی: پێدەچێت بڕیارێکی سیاسی لە بەغدا هەبێت بۆ رێکنەکەوتن لەگەڵ ھەولێر
"حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پابەندبوون بە یاسای قەرز، و پەرلەمانی كوردستانیش پشتیوانی لەوە دەكات"
K24 - ھەولێر
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێدەچێت بڕیارێکی سیاسی لە بەغدا هەبێت بۆ رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام ناکۆکی نێوان شیعەکان و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، بوونەتە کۆسپ لە بەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا".
گوتیشی: "بەپێی ئەوەی ئێمە لە ئەندامانی شاندی حكومەتی ھەرێم زانیومانەتەوە، گفتوگۆكانی ئێستا لەگەڵ بەغدا سەختن، بەداخەوە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی چ ئەوانەی لەناو حكومەتن، چ ئەوانەشی لە پەرلەمانن، یان لایەنە سیاسییەكان، وەك ئەوە وایە بڕیارێكی سیاسییان دابێت ئامادەنەبن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان رێكبكەون، بەڵام ئەو پرسە چوارچێوەیەكی یاسایی ھەیە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پابەندبوون بە یاسای قەرزی عێراق، پەرلەمانی كوردستانیش پشتیوانی لەوە دەكات".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، راشیگەیاند: "ئێمە بێ ئومێدنین و سوورین لەسەر گفتوگۆكردن بۆ چارەسەر، چونكە جگە لە گفتوگۆ ھیچ بەدیلێكی دیكە نییە لەگەڵ حكومەتی عێراق، خەڵكی ھەرێمی كوردستانیش ئاگادار دەكەینەوە ئەوەی لەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دیالۆگ، بە مەبەستی رێككەوتن".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی عێراق، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردنیان لەپێشە یان كێشەی ناوخۆیان ھەیە، یانیش بیانەوێت تۆڵە لە ھەرێمی كوردستان بكەنەوە لە بەرامبەر ھەندێك ھەڵوێستی ھەرێمی كوردستان و كۆسپ بخەنە بەردەم گفتوگۆكان، ئەوە بابەتێكی ترە و لەكاتی پێویست رای گشتی لێ ئاگادار دەكەینەوە".