مەسرور بارزانی: توانیمان ڕاستییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرکردەکانی جیهان بگەیەنین

"هەرگیز ناهێڵین خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا بە تەنیا بمێننەوە" بەم دەستەواژەیە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. جەختی لەوەش کردەوە، کە لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، سەرنجیان لەسەر ئەوە بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیدا بکەن و بۆ ئەوەی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە دەکرێتە سەریان کۆتایی پێ بهێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە داڤۆس تیشکی خستە سەر ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی، هەروەها باسی لە هەوڵە چڕەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

 

شەڕی ڕۆژئاوا؛ تەوەری لەپێشینەی گفتوگۆکان
مەسرور بارزانی لە دەستپێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند، هەرچەندە ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە بۆ داڤۆس بریتی بووە لە پرسە ئابوورییەکان، بەڵام دۆخی هەستیاری ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆ و دیدارەکان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان.

سەرۆکی حکوومەت گوتی: "لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکانماندا، بە چڕی باسمان لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. هەموو هەوڵ و سەرنجمان لەسەر ئەوە بووە کە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی بەهێز پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان بێت."

هەروەها نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەبارەی دۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گوتی: "داوامان کردووە ئەو هێرشە ناڕەوایانەی دەکرێتە سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت، ئەم بابەتەمان بە شێوەیەکی زۆر جیددی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان باس کردووە و هیوادارین ئەنجامێکی هەبێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت."

 

پەیامی دڵنیایی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی پەیامێکی سۆزداری و نیشتمانیی ئاراستەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدەین. جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەرگیز ناهێڵین هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە و بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنیان."

ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە شەڕەکە دۆخێکی ناهەمواری دروست کردووە، بەڵام هەوڵی جیددی دەدەن بۆ ئەوەی ترس لە ناو خەڵک نەمێنێت و ئاشتی ببێتە جێگرەوەی شەڕ.

 

ئاشکراکردنی کۆبوونەوەی گرنگی هەولێر: هەنگاوێک بەرەو ئاگربەست
لە پێشهاتێکی گرنگدا، مەسرور بارزانی زانیاریی نوێی لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاگربەست ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچووە.

لەوبارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لە نێوانمەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک بەڕوەچووە، ئەوەی من زانیومە و پێم گەیشتووە، ئەوەیە کە هەردوولا تەقریبەن گەیشتوونەتە ئەو ڕێککەوتنەی کە ئاگربەست لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت. هەروەها دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە تا ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بێت و هیوادارین شەڕ دووبارە بەرپا نەبێتەوە."

 

ڕۆڵی سەرەکیی سەرۆک بارزانی لە نێوەندگیری و ڕاگرتنی شەڕ

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر ڕۆڵی کاریگەر و بەردەوامی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی و ڕاگرتنی خوێنڕشتن. ئەو ڕوونی کردەوە کە سەرۆک بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵی جیددی داوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر میوانداریی هەریەکە لە مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاکی کردووە تا بگەنە ئەنجامێک بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ.

مەسرور بارزانی گوتیشی: "سەرۆک بارزانی لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (ئەحمەد شەرع) قسەی کردووە و ڕاستەوخۆ داوای لێکردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت. ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نین و دەیانەوێت شەڕ بەرەو کۆتایی بچێت."

جەختیشی کردەوە کە پێویستە ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا بکرێت کە جێگەی ڕێز و قبووڵکردنی هەموو لایەک بێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە سەردانەکەی ئێستای سەرۆک بارزانی بۆ ئیتاڵیا هەر لەو چوارچێوەیەدایە و سەرنجی خستووەتە سەر گەیاندنی ئەو پەیامە بە جیهان کە دەبێت ئەو شەڕە کۆتایی پێ بێت.

 

ستراتیژیی ئابووری و کردنەوەی "ماڵی کوردستان"
سەبارەت بە تەوەرە ئابوورییەکان، مەسرور بارزانی دیدگای حکوومەتی بۆ پەیوەندیی ئابووری و سەقامگیری خستە ڕوو. ئەو ڕایگەیاند: "بووژانەوەی ئابووری لە هەر وڵاتێک هەبێت، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت. بۆیە ویستمان بازرگانان و سەرمایەدارانمان بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و ئەو چالاکییانەی لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامیان دەدەین."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە ئەمە سێیەم ساڵە "ماڵی کوردستان" لە داڤۆس دەکەنەوە و ئەمجارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری کوردستان بەشدار بوون و دیداریان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان هەبووە.

گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکان باشتر بکەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە. بازرگانانمان ئارەزووی کارکردن لە هەر کەرتێکدا بکەن، ئێمە وەک حکوومەت پاڵپشتییان دەکەین."

 

پێکهێنانی کابینەی دەیەم و ڕێزگرتن لە هەڵبژاردن

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دۆخی ناوخۆ و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی هەڵوێستی ڕوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی دووپات کردەوە.

ڕایگەیاند: "پارتی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئامادە بووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن. پارتی لەسەر ڕای خۆی بەردەوامە و پێمان وایە دەبێت ڕێز لە ڕای خەڵکی

کوردستان بگیرێت."

 

گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ڕۆژئاوا

لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی هەواڵێکی خۆشی بۆ خەڵکی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و گوتی: "دوای چەندین ساڵ هەوڵی جیددی بۆ ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بتوانێت بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، خۆشبەختانە دوێنێ دەزگاکە توانی یەکەم کاروانی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا ببات و بەردەوامیشن لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان. ئێمە بەڵێن دەدەین ئەوەی پێمان بکرێت ئەنجامی بدەین و ناهێڵین خوشک و براکانمان بە تەنیا بمێننەوە."

 

دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان.

بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن، خۆشحاڵم کە ئێوە ئامادەن و لەم سەفەرە کە ئێمە هاتووین ئەمساڵ بۆ کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس.

چەندین تەوەر هەبوو کە قسەی لەسەر بکەین؛ تەوەری یەکەم ئەوە بووە کە ئێمە بێین پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دنیا و لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیهان باشتر بکەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان بکەینەوە، پەیوەندیی بەینی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بازرگانییەکانی جیهان دروست بکەین.

تەوەری دووهەمیش ئەوە بوو کە دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی کە لە ڕۆژئاوا سەریان هەڵدا، ئێمە تەرکیزێکی زۆرمان کردە سەر ئەوەی کە پشتیوانیی نێودەوڵەتی پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کە کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێت و ئەو هێرشە ناڕەوایەی کە دەکرێتە سەر خەڵکی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بوەستێت. هەوڵێکی زۆرمان دا، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەم بابەتەمان زۆر بە وردی تاوتوێ کرد و قسەی جیددیمان لەسەر کردووە، و هیوادارم ئەنجامی هەبێت و ئینشائەڵڵا بەرەو کۆتایی شەڕ و سەقامگیری و ئاشتی بڕوات.

 

وەڵامی پرسیاری یەکەم سەبارەت بە پارێزگاریکردن و هاوکاریکردنی ڕۆژئاوا

ئەوەی ئێمە توانیمان بیکەین ئەوەیە کە؛ هەم ئەو سووڕەتەی کە لەسەر ئەرز و واقیع هەیە، ئەوەی کە دەگوزەرێ لە کوردستان، بەو سەرکردانە و بەو بەرپرسانە بڵێین کە چی هەیە. وە لە لایەکی تریشەوە هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئەوەی هەموو لایەک پشتیوانیی ئەوە بکەن ئاشتی بەرپا بێت و ئەو شەڕە ئیتر بەرەو کۆتایی بڕوات. بەتایبەتی ئێستا کە قەلەقییەکی (نیگەرانییەکی) زۆر هەیە، ترسێکی زۆر هەیە لەناو خەڵکی کوردستاندا، هیوادارین کە ئەو قەلەقییە ئیتر نەمنێت و بەرەو ڕێککەوتنێکی وا بڕوات کە ئاشتی بەرپا بێت لە ئەنجامدا.ئەمە هەدەفی ئەسڵیی ئێمە بووە، هەرچەندە ئێمە بۆ بابەتێکی ئابووری هاتین، بەڵام ئەمە بوو بە بابەتی سەرەکی لە قسە و گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەو بەرپرس و سەرکردانەی کە دیدارمان کرد لەگەڵیان.

 

وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و درێژکردنەوەی ئاگربەست

ئەوەی من بیستم، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک کراوە لە هەولێر لە بەینی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز تۆم بەڕاک لە هەولێر. کۆبوونەوەیەک کراوە و ئەوەی من تا ئێستا زانیومە، تەقریبەن گەیشتوون بەو ڕێککەوتنەی کە ئاگربەست لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت و فورسەتێک (دەرفەتێک) بدەن بەوەی کە بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە، تاکوو فورسەت بەوە بدرێت بەشکەم ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بێت لە ئەنجامدا، ئیتر هیوادارین شەڕ دووبارە نەبێتەوە.

 

وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەکان

هیچ کەسێک لەگەڵ شەڕ نییە، هەر کەسێک ئێمە قسەمان لەگەڵ کردبێت باسی ئەوە دەکەن کە دەبێ کۆتایی بە شەڕ بێت. بەڵام ئەمەش ڕێگەی خۆی هەیە، بەتایبەتی ئەوەی کە ئێستا گرنگە ئاگربەست ڕابگەیەندێ و چیتر ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵکی کوردستان نەمێنێت، ئیتر ئەگەر فورسەتی زیاتری قسەکردن و دیالۆگ هەبێت، هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت.

 

وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئابووری و بەشداریی سەرمایەداران لە داڤۆس

خۆی ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەگەر بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتێکدا هەبێت، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی زیاتر بەرپا دەبێت، بۆیەش ویستم بازرگانەکانی ئێمە و سەرمایەدارەکانی کوردستان بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و بەشدار بن لەو چالاکییانەی کە ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەیکەین.

بۆیە ئەمە بۆ سێیەمین ساڵە لێرە "ماڵی کوردستان" دەکەینەوە و ئەمجارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری گەورەی کوردستان لەگەڵمان بەشدار بوون، لێرە خۆشیان دیداری تایبەتی خۆیان لەگەڵ کۆمپانیاکان هەبووە و هیوادارم ئەمەش ببێت بە ئەنجامێکی باشتر بۆ کرانەوەی کوردستان بە ڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانیدا.

 

وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بەشداریی کەرتی تایبەت لە حوکمڕانیدا

ئەمە لەسەر خودی بازرگانەکان دەمێنێت، سەرمایەدارەکان ئەوانەی کە کۆمپانیایان هەیە، خۆیان ویستیان چییە و لە چ بوارێک و لە چ کەرتێک دەینەوێت کار بکەن و پەرەی پێ بدەن، ئێمە وەک حکوومەت زیاتر پاڵپشتییان دەکەین.

 

وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پەیامیان بۆ کوردانی سووریا

جەنابی سەرۆک بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵێکی جیددیی داوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و لەگەڵ هەموو لایەنێکیش قسەی کردووە. میوانداریی بەڕێز مەزڵووم عەبدیی کرد، لەگەڵ بەڕێز تۆم بەڕاک بۆ ئەوەی بێن بۆ هەولێر و بگەن بە ئەنجامێک بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەڕەکە بکرێت. دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز "ئەحمەد شەرع" سەرۆککۆماری سوریاش قسەی کردووە، هەروەها داوای لێ کردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت. ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نین و دەیانەوێت شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێکیش بکرێت کە لەلایەن هەردوو لاوە جێگەی ڕێز و قبووڵکردن بێت.

جەنابی سەرۆک بارزانی ئێستاش لە ئیتاڵیا، دیسان هەر لەوێش هەموو تەرکیزی لەسەر ئەوە بووە کە پەیامەکانی بە دنیا بگەیەنێت کە دەبێت ئەم شەڕە بەرەو کۆتایی بڕوات و ئینشائەڵڵا بەرەو کۆتاییش دەڕوات. دیدارەکانی کە ئەمڕۆ لە هەولێریش ڕوویاندا، دیسان هەر بۆ ئەوە بووە کە دەرفەتێکی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی ئاگربەست بەردەوام بێت و بگەن بە ڕێککەوتنێک تاکوو ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێکدادان.

 

وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

پارتی هەر لە ڕۆژی یەکەوە ئامادە بووە بۆ ئەوەی حکوومەت بێتە پێکهێنان، بەس لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. پارتی لەسەر ڕای خۆی بەردەوامە و لازمە (پێویستە) ڕێز لە ڕای خەڵکی کوردستان بگیرێت.

 

وتەی کۆتایی سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

ئاخر شت کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە؛ دوای چەندین ساڵ کە هەوڵێکی جیددیمان دا "دەزگای خێرخوازیی بارزانی" بپەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دوێنێ توانییان کاروانی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ببەن و بەردەوامیش دەبن لە هاوکاریکردن و ئەوەی پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین و ئینشائەڵڵا ناهێڵین خوشک و براکانمان بە تەنیا بمێنن.

زۆر زۆر سوپاس.