داڤۆس.. هەوڵە دیپلۆماسی و جەماوەرییەکان بۆ پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان یەکدەگرن

بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوە. 

هاکات لەگەڵ ئەم هەوڵانە، ڕەوەندی کوردی لە سویسرا بە گردبوونەوەیەکی بەرفراوان پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردیان گەیاندە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان و داوای پاراستنی خەڵکی سڤیلیان کرد.
لە پاڵ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد، خۆپیشاندەرانی دیاسپۆرا لە داڤۆس داوا لە ئەمریکا و وڵاتانی جیهان دەکەن چیتر بەرانبەر هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگ نەبن. 

بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە جەخت دەکەنەوە لەوەی، گەلی کورد وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهان مافی ژیان و خاوەندارێتیی خاک و دەوڵەتی هەیە، هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەو تاوانانە دەکەن کە لە دژی منداڵان و ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێن.

خۆپیشاندەران ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشەکانی ئێستا درێژکراوەی هەمان عەقڵییەتی داعشن و ڕەتی دەکەنەوە ڕازی بن بەو فشارە سەربازییانەی کە حکومەتی ڕاگوزەری سووریا و گرووپەکانی سەر بە جۆلانی لە دژیان ئەنجامی دەدەن. 

لە نێو خۆپیشاندانەکەدا، گەنجان و ئافرەتانی ڕۆژئاوای کوردستان سوپاس و پێزانینی زۆریان بۆ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی دەربڕی و هەوڵەکانی ئەوانیان بە مایەی ئومێد و سەربەرزی بۆ هەموو کوردێک وەسف کرد، هاوکات داوای یەکڕیزیی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکانیان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس کە ساڵانە سەرکردە کاریگەرەکانی جیهان تێیدا کۆدەبنەوە، بووەتە سەکۆیەک بۆ شاندی هەرێمی کوردستان تاوەکو مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و پێشێلکارییەکان بخەنە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

 ئەم جووڵە دیپلۆماسی و جەماوەرییانە لە کاتێکدایە کە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری و بڕینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە پرسی پاراستنی کورد ببێتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی پەراوێزی کۆڕبەندەکە.