هەولێر.. کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ کوردانی رۆژئاوا بەردەوامە
کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، پزیشکێکیش دەڵێت، گەیاندنی پێداویستی پزیشکی زۆر پێویستە.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24، لە هەولێر رایگەیاند: کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ کوردانی رۆژئاوا بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆری هاوکاری کۆکراوەتەوە.
ستاڤ ئاسۆ گوتی: ئاوارەکانی رۆژئاوا لە دۆخێکی سەختی مرۆییدا دەژین، پێویستە بە زووترین کات هاوکارییەکانیان پێ بگات.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ بڕێکی باشی داو و دەرمان لەلایەن پزیشکانەوە بۆمان هاتووە، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە و داوا دەکەین هەرکەسێک لە توانای دا هەبێت ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت هاوکاری خوشک و برایان بێت لە رۆژئاوای کوردستان.
لەلای خۆیەوە، سامان تاهیر، پزیشکی راوێژکار، کە بڕێکی زۆری داو و دەرمانی بۆ کوردانی رۆژئاوا کۆکردووەتەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەگەڵ ژمارەیەک پزیشک گرووپێکمان هەیە، لەکاتی هەبوونی هەر کەمپەینێک بەگوێرەی توانا هاوکاریی دەکەین، بەڵام پیویستە سەندیکا پزیشکییەکان هاوکار بن و هەوڵبدرێت پزیشکانی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و نەخۆشان لەوێ ئامادەبن.
لە دوێنێ پێنجشەممەوە، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.