هەوڵی بڕینی ڕێگای دەربازبوون لە ڕۆژئاواوە بۆ باشوور دەدرێت
مێگان بۆدێت، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای کورد بۆ ئاشتی (Kurdish Peace Institute)، لە ناو جەرگەی شاری قامیشلۆوە نوێترین زانیاری لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و کاریگەری هێرشەکان دەخاتە ڕوو، هاوکات ئاماژە بە کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست دەکات.
مێگان بۆدێت ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، و تەنیا یەک ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستەی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا ڕاگەیەنراوە. ناوبراو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە کەشێکی بەفراوی قامیشلۆوە تۆمارکراوە، دەڵێت: لێرەم بۆ ئەوەی باس لە دۆخی کورد بکەم لەژێر سایەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر دواین بەشی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەرییان لە سووریا.
بەڕێوەبەری توێژینەوەی پەیمانگاکە هۆشداریدا لە دۆخی شاری کۆبانێ و ئاشکرای کرد کە سوپای عەرەبیی سووریا بەرەو شارەکە پێشڕەوی دەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، خەڵکی مەدەنی لە کۆبانێ گیریان خواردووە و دەستیان بە کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت ڕاناگات.
بۆدێت ئاماژەی بە ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتووانی قامشلۆ کرد و ڕایگەیاند: خەڵک دەترسن هێزە چەکدارەکان ڕێگای نێوان قامشلۆ و دێریک ببڕن، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێگری لەوەی خەڵک بتوانن بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بپەڕنەوە لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەناکاو یان کارەساتدا.
سەرەڕای مەترسییەکان، بۆدێت باس لەوە دەکات کە ئومێدێک لەلای خەڵک دروست بووە دوای ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە نێوان هەسەدە و نێوەندگیرانی ئەمەریکی. ئەو دەڵێت: خواست و داواکاری سەرەکی خەڵک تەنیا ئاشتییە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا، مێگان بۆدێت باسی لەو شەپۆلە پشتیوانییە کرد کە لە لایەن ڕێکخراوە مرۆییەکان، پەرلەمانتارانی کورد لە تورکیا و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە ناوچەکە.
بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای کورد بۆ ئاشتی گوتی: خەڵک لەو دیوەوە بۆ پشتیوانی لە خوشک و براکانیان سنوورەکانیان بەزاندووە و پەڕیونەتەوە بۆ بەشداری کردن لە هەوڵەکانی بەرگری.