دوو گەنجە ونبووەکەی چیای سەفین دۆزرانەوە
هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، بەرگریی شارستانی شەقڵاوە تایبەت بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، ئەو دوو گەنجەی لە چیای سەفین ونبووبوون، دۆزرانەوە و سەلامەتن.
گوتیشی: بەهۆی بەفر ڕێگایان گیرابوو کە لە کاتژمێر 4 ی بەیانییەوە چووبوون و ڕێگایان لێگیرابوو و ئێستا لای تیمی ئۆفرۆدی خۆبەخشان و گرووپی شاخەوانی شەقڵاوەن.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەو بارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی کورد لە ڕێکەوتی 22ی کانوونی دووەم، لە چیای سەفین بەهۆی بارینی بەفرەوە شوێن ونببوون،لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەریەک لە تیمەکانی، پۆلیسی شەقڵاوە، بەرگری شارستانی شەقڵاوە، تیمی شاخەوانی شەقڵاوە و تیمی ئۆفڕۆدی هەولێر.
بەشداربوون لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچوون بەشوێن ئەو دوو هاووڵاتییەدا ،خۆش بەختانە چەند خولەکێک لەمەوبەر بە سەلامەتی دۆزرانەوە.
دوا لە هاووڵاتییان دەکەین بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە خۆیان بە دوور بگرن لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەکوو پارێزراو سەلامەت بن
هەر ئەمڕۆ هەینی، 23ی کانوونی دووەمی 2026، عەمید عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، لە بەیانیی ئەمڕۆوە دوو گەنجی دانیشتووی شاری هەولێر ڕوویان لە چیای سەفین کردووە، بەڵام پەیوەندییان پچڕاوە و تا ئێستا بێسەروشوێنن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە ناسنامەی ئەو دوو گەنجەی ئاشکرا کرد کە ناویان (ئیبراهیم کەریم) و (نافیع قاسم)ە و هەردووکیان لەدایکبووی ساڵی 2004ن. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو دوو گەنجە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (جێپ ڕانگلەر/ ڕەنگی ڕەش) سەرکەوتوون بۆ سەر چیاکە.
عەمید عەبدولقادر ڕوونی کردەوە، "ئێستا مۆبایلی هەر دوو گەنجەکە داخراوە و هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان بۆ ناچێت، هەروەها دیار نییە لە کام خاڵی چیاکەدان و، پرۆسەی گەڕان بەدوایاندا سەخت بووە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی گەڕان و بەدەنگەوەچوون، ناوبراو ئاشکرای کرد: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی، هێزەکانی ئاسایش، گرووپە شاخەوانییەکان و سەدان هاووڵاتیی خۆبەخش ئێستا لەسەر چیای سەفینن و لە کەشێکی سارد و بەفراویدا هەڵمەتێکی فراوانی گەڕانیان دەست پێ کردووە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ گەیشتن بە شوێنە سەختەکان، ئامێرەکانی ڕاماڵینی بەفر و ئۆتۆمبێلی (ئۆفرۆد)ی خۆبەخشان بەکار دەهێنرێن تا هەرچی زووە سۆراخی ئەو دوو گەنجە بکرێت، بەڵام تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ سەرەداو و زانیارییەک لەبارەی شوێنەکەیانەوە دەست نەکەوتووە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە تیمی فڕۆکەوانیی بەرگریی شارستانیی شەقڵاوە ناتوانن بە دوای بێسەروشوێنبووان بگەڕێن، چونکە لەو کەشەدا هیچ هەلیکۆپتەر و فڕۆکەیەک ناتوانێت بفڕێت و بچێتە سەر چیای سەفین.