رەوشی مرۆیی لە کۆبانێ خراپتر دەبێت؛ منداڵەکان لە سەرمادا گیان لەدەست دەدەن
4 منداڵ بەهۆی سەرماوە لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 بۆ رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، 4 منداڵ بەهۆی سەرماوە لە شاری کۆبانێ گیانیان لەدەستداوە.
نێردراوی کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی مرۆی لە شاری کۆبانێ لەوپەڕی خراپیدایە و ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی رۆژئاوا کراون، بەهۆی گەمارۆوە، هیچی بە کۆبانێ نەگەیشتووە.
وەک ئەوەی نێردراوی کوردستان24 باسی لێ کرد، هاووڵاتییانی کوردی شاری کۆبانێ، کارەبایان لەسەر بڕاوە و بێ ئاون، هاوکات هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوەیان نییە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هاووڵاتییانەی لە دەوروبەرەوە ئاوارەی ناوەندی شاری کۆبانێ بوون، لە نێو مزگەوت و قوتابخانەکاندا نیشتەجێ کراون و تەنیا جلەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و لە دۆخێکی مرۆیی زۆر خراپدان.
ئەمە لە کاتێکدایە، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆیانی لە رەوشی مرۆیی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان راگەیاندووە و گوتوویەتی: "نیگەرانین هەموو رێگەکانی گەیشتن بە کۆبانێ داخراون، دۆخی مرۆیی تا دێت خراپتر دەبێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "کارەبا نییە، ئاو خراپە و خەڵک ناتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگات. بنکە تەندروستییەکان بەردەوامن، بەڵام دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان زۆر کەمبوونەتەوە.".
نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەرپرسانی حەلەب بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە بۆ کۆبانێ. فەرحان حەق گوتیشی: "هاوکاریمان گەیاندووەتە حەسەکە، رەققە و دێرەزوور و داوای ئاسانکاریمان کردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان."
دۆخی کۆبانێ دوای چەندین رۆژ لە گەمارۆ و پێکدادانەکان، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لەناو شارەکە گیریان خواردووە و لە دۆخێکی خراپدان. بڕینی ئاو، کارەبا، سوتەمەنی، خۆراک و هێڵەکانی ئینتەرنێت، ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی پەکخستووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بۆ ناوەندی شار.
زۆرێک لە ئاوارەکان ناچارن لەبەر سەرما و لە دەرەوە یان لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بمێننەوە. مانگی سووری کوردی رایگەیاندووە، ژمارەیەک منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.