نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی کارە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات

شاندێکی باڵای کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە سووریا، بە سەرۆکایەتی جەیمس کارانجا، سەردانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری قامشلۆ کرد، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی مرۆڤایەتی ناوچەکە و بەسەرکردنەوەی ئەو چالاکییە فریاگوزارییانە هات کە بۆ ئاوارە و لێقەوماوان ئەنجام دەدرێن.

لە میانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا، لەگەڵ موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێخوازی بارزانی، هەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر بارودۆخی سەختی ئاوارەکان و ئەو ئاستەنگە مرۆییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە. 

شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی زیاتر کردەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بەو کەسانەی کە لە دۆخێکی نالەباردا دەژین.

جەیمس کارانجا و شاندی یاوەری، مەیدانییانە شوێنەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکانیان بەسەرکردەوە و سەرسامی خۆیان بە ئاستی بەرزی ڕێکخستن و کوالێتی کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەربڕی، شاندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاس و پێزانینی زۆریان بۆ هەوڵە بێوچانەکانی دەزگاکە هەبوو، کە توانیویانە بە شێوازێکی زانستی و مرۆییانە خزمەتگوزارییەکان بگەیەننە شوێنی مەبەست.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکێک لە ڕێکخراوە مرۆییە کاراکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە گەیاندنی هاوکاریی خۆراک، دەرمان و پێداویستییەکانی نیشتەجێبوون. ئەم هەماهەنگییەی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نیشانەی متمانەی نێودەوڵەتییە بە تواناکانی ئەم دەزگایە لە بەڕێوەبردنی تەنگژە مرۆییەکان و گەیاندنی کۆمەک بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە.