رامی عەبدولڕەحمان: ئەسعەد شەیبانی لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەست نییە

بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی دیمەشق بە فشارى باڵی 'ئەسعەد شەیبانی' درێژکردنەوەی ئاگربەستی رەت کردووەتەوە و لەم کاتژمێرەوە قۆناغێکی نوێی خوێنڕشتن دەست پێ دەکات. هاوکات هۆشداری دەدات کە کۆبانێ لە ژێر گەمارۆ دایە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی پاراستنی ژیانی خەڵک لە ئەستۆی شەرعە.

شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە میانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: ئاگربەست بە فەرمی لە نێوان هەسەدە و دیمەشق کۆتایی هاتووە، بەوەش سووریا دەچێتەوە نێو بازنەی خوێنڕشتن.

ناوبراو ئاشکرای کرد، کە لەناو حکوومەتی سووریادا، باڵی "ئەسعەد شەیبانی" کە باڵێکی دەستڕۆیشتوو و توندڕەوە، فشارێکی زۆریان کردووە بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە درێژ نەکرێتەوە.

هاوکات، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ  بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و مێژوویی دۆخەکەی خستە ئەستۆی "ئەحمەد شەرع" و ڕایگەیاند: "دەبێت ئەحمەد شەرع بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و پارێزگاری لە خەڵک بکات، مێژوو ئەو تاوانە لەسەر ناوی ئەو تۆمار دەکات کە منداڵانی کۆبانێ بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە گیانیان لەدەست داوە."

سەبارەت بە دۆخی شاری کۆبانێ، رامی عەبدولڕەحمان  دۆخەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە شارەکە لە هەر چوار لاوە گەمارۆ دراوە.

ئەو ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و گوتی: "بەڕاستی هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاواوە نەماوە و خاوەنی هیچ هەڵوێستێک نین."

ناوبراو گوتیشی: "کۆبانێ ڕەمزی تێکشکاندنی داعش بوو، بەڵام ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خیانەتی لێ دەکات و بە هانای خەڵکەکەیەوە ناچێت، بەڵکو دەیانەوێت دووبارە داعش بکەنەوە بە سەرکردە لەو ناوچەیە."

 

بانگەواز بۆ شتکاندنی گەمارۆ و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی

رامی عەبدولڕەحمان داوای لە کورد و هەموو ئازادیخوازان کرد کە سنوورەکان ببەزێنن و گەمارۆی سەر کۆبانێ بشکێنن بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.

 هەروەها داوای لە کوردانی ئەوروپا کرد کە خۆپیشاندانەکانیان لە بەردەم باڵیۆزخانەکان چڕ بکەنەوە بۆ وەستاندنی هێرشەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی کردەوە و گوتی: "گرنگە لەم قۆناغەدا هەمووان پشت بە سەرۆک بارزانی ببەستن، چونکە ئەو بووەتە ڕەمزی ئازادیخوازان لە سەرانسەری جیهاندا."

 

سیاسەتی دیمەشق و شێواندنی ڕاستییەکان

سەبارەت بە لێدوانەکانی نووردەدین بابە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سووریا، رامی عەبدولڕەحمان بە توندی وەڵامی دایەوە و گوتی "ئەو ڕقێکی زۆری بەرانبەر بە کورد هەیە" و ڕاستییەکان دەشێوێنێت.

گوتیشی: "ئەو تەنانەت ئامادە نییە ناوی کۆبانێ بهێنێت و دەڵێت 'عەین ئەلعەرەب'، هەروەها دیمەشق دەیەوێت شۆڕشی کوردی لەناو ببات بۆ ئەوەی کورد نەبێتە خاوەن مافی خۆی لە سووریایەکی یەکگرتوودا."

لە کۆتاییدا، رامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە کە "گەلی کورد گەلێکی شۆڕشگێڕە و بەردەوامە لە بەرخودان و هەرگیز ناشکێت."