لە پاریس هەزاران کورد بۆ پشتیوانی رۆژئاوا خۆپیشاندانیان کرد
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بە بەشداریی هەزاران کەس بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا کرا. خۆپیشاندەران داوایان لە حکوومەتی فەرەنسا کرد هەڵوێستێکی جددیتر و پشتیوانییەکی زیاتر بۆ ناوچە کوردییەکان دەرببڕێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی پۆلیسی فەرەنسا، نزیکەی 7 هەزار و 500 کەس بەشدارییان لەم خۆپیشانندانەدا کردووە. بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی لافیتە و وتنەوەی دروشمەکانی وەک "کورد سەردەکەون و کۆبانی ناڕوخێت و بەرگریی لە ڕۆژئاوا" ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەو هێرشانە دەربڕی کە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا و حکوومەتی تورکیاوە دەکرێنە سەر ناوچە خۆسەرەکان.
ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتی دیمەشق ڕووی لە هەڵکشان کردووە، بەتایبەت دوای هەوڵەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکانی وڵاتەکەدا.
دەمەد ساهین، پارێزەرێکی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: "ترسێکی زۆرمان بۆ ئایندەی کورد لە ناوچەکەدا هەیە. هەرچەندە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باس لە هاوکاریکردنی کورد دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا هیچ ڕێوشوێنێکی کردارەکی نابینین." هاوکات بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەران هەستی خۆیان بە خیانەت لێکردن و بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربڕی.
لای خۆشییەوە، حکوومەتی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە جەختی کردەوەدەستبەرداری کورد نەبووە و پێزانینی بۆ ڕۆڵی گرنگی ئەوان لە تێکشکاندنی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش هەیە، بەڵام ئەم لێدوانانە نەبوونە جێگەی ڕەزامەندی ڕەوەندیی کوردی لەو وڵاتەدا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی دروستبوونی گرژی لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکان، 24 کەس دەستگیرکراون و 21 پۆلیسیش برینداربوون. ئەمەش وایکرد دەسەڵاتدارانی شاری مارسیلیا لە باشووری فەرەنسا، ئەنجامدانی هەر جۆرە خۆپیشاندانێک بۆ ئەمڕۆ قەدەغە بکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئینستیتیوتی کوردی لە پاریس، فەرەنسا میوانداری نزیکەی 320 بۆ 400 هەزار کورد دەکات، بەوەش بە دووەم گەورەترین ڕەوەندی کوردی لەسەر ئاستی ئەوروپا لەدوای ئەڵمانیا دادەنرێت.