توێژینەوەیەک: پیسبوونی ژینگە هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە ئۆتیزم
توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی ژنانی دووگیان بە دووکەڵی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانیدا، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان بە ئۆتیزم زیاد دەکات.
توێژەران داتای زیاتر لە 200 هەزار حاڵەتی لەدایکبوونیان لە باشووری کالیفۆرنیا لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 پشکنیوە. لەو ژمارەیە، 3 هەزار و 356 منداڵ بەر لە گەیشتنە تەمەنی پێنج ساڵی، دەرکەوتووە کە تووشبووی ئۆتیزمن.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، ئەو ژنانەی لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانیدا بۆ ماوەی یەک تا پێنج رۆژ بەر کەوتنیان لەگەڵ گەردیلەکانی ناو دووکەڵی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان هەبووە، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان بە ئۆتیزم زیاتر بووە بەراورد بەو دایکانەی بەر ئەو دووکەڵە نەکەوتوون.
لە راپۆرتەکەدا کە لە گۆڤاری "زانست و تەکنەلۆژیای ژینگەیی" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکاندا، روەک و باڵەخانە سووتاوەکان کانزا ژەهراوییەکان و پیسکەرەکانی دیکە دەردەدەن کە لە رێگەی هەناسەدانەوە دەچنە نێو سییەکانی دایکی دووگیان.
توێژینەوەکە دەریخستووە گەورەترین مەترسی لای ئەو دایکانە دەرکەوتووە کە زیاتر لە 10 رۆژ بەر دووکەڵی ئاگرکەوتنەوەکان کەوتوون؛ لای ئەمان ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان بە ئۆتیزم بە رێژەی 23% زیادی کردووە.
هەروەها باس لەوەش کراوە کە هەندێک فاکتەری دیکە مەترسییەکە زیاد دەکەن، وەک تەمەنی دایکەکە، یان ئەگەر یەکەم دووگیانی بێت، هەروەها تووشبوونی دایک بە نەخۆشی شەکرە یان قەڵەوی پێش دووگیانبوونی.
توێژەران جەخت دەکەنەوە کە هەرچەندە ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی بڕاوە نایسەلمێنێت کە دووکەڵی ئاگرکەوتنەوە هۆکاری سەرەکیی ئۆتیزمە، بەڵام بەڵگەیەکی نوێیە لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر گەشەی مێشکی کۆرپەلە لە سکی دایکیدا.
بە گوێرەی ئاماری سەنتەری کۆنرۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان، لەنێوان هەر 36 منداڵدا یەک منداڵ لە تەمەنی هەشت ساڵی وەک تووشبووی ئۆتیزم دەستنیشان دەکرێت کە ئەمەش رێژەیەکی زۆر بەرزە بە بەراورد بە ساڵی 2000 کە رێژەکە یەک منداڵ بوو لە هەر 150 منداڵێک.