کۆبانێ لە بارودۆخێکی سەختدایە و منداڵان پێویستییان بە شیر و خۆراکە
ئەمڕۆ یەکشەممە، ستێرێ چەلۆ، ڕۆژنامەوان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 دواین زانیارییەکانی لەبارەی ڕەوشی مرۆیی لە کۆبانێ خستە ڕوو. ناوبراو ڕایگەیاند کە منداڵانی شارەکە ئێستا پێویستییەکی زۆریان بە شیر و خۆراک هەیە.
ئەو ڕۆژنامەوانە ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی کۆبانێ سەرەڕای نەهامەتییەکان، نایانەوێت خاکەکەیان جێبهێڵن و ئاوارە ببن، بۆیە داوا دەکەن کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت. لە ئێستادا خەڵکەکە بە دەست کەمیی ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە گرفتارن؛ ئەو بڕە ئاوە کەمەی هەیانە بە شێوەیەکی زۆر دەستپێوەگرتانە تەنیا بۆ خواردن و پێداویستی زۆر پێویست بەکاری دەهێنن.
هاوکات، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، مەترسییەکان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان زیاتر بووە و داوا دەکرێت چارەسەرێکی بەپەلە بۆ پاراستنیان لە سەرما و ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕ بدۆزرێتەوە تا بتوانن لە ئارامیدا بژین. خەڵکی کۆبانێ بانگەواز ئاراستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن کە بەرپرسیاریەتیی خۆیان هەڵبگرن و هاوکاریی کۆبانێ بکەن، چونکە ئەو شارە قوربانییەکی زۆری لە پێناو ژیاندا داوە.