بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ کۆبانێ دوو ڕێڕەوی مرۆیی لە حەلەب و حەسەکە دەکرێنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، دوو ڕێڕەوی مرۆیی لە حەلەب و حەسەکە دەکرێنەوە .
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا)ی ڕاگەیاندووە، سوپای عەرەبی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو پارێزگای حەسەکە و حەلەب، لە ئامادەکاریدایە بۆ کردنەوەی دوو ڕێڕەوی مرۆیی نوێ.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کردنەوەی ئەم ڕێڕەوانە لە قۆناغی ئامادەکاریدایە و هەرکاتێک تەواوی ڕێکار و ئامادەکارییە پێویستەکان تەواو ببن، بە فەرمی کات و شوێنی کردنەوەکەیان ڕادەگەیەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە و هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوە، لیژنەی ناوەندیی بۆ بەدەمەوەچوونی حەلەب، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاروانێکی گەورەی هاوکاری مرۆیی ڕەوانەی کۆبانێ کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاروانەکە لە 24 بارهەڵگر پێکهاتووە و بڕێکی زۆر لە کەرەستەی پزیشکی، خۆراک و پێداویستییە لۆجستییەکانی تێدایە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.