کوردستان24 کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ئاشکرا دەکات

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتن، دووسبەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەبچێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە نێوان سەرجەم سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان گفتوگۆ کراوە و بەشێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتوون، رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە (27ـی کانوونی دووەم) کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت.

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەگەر ئەو کاتە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکرێت، ئەوا دەکەوێتە رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئەم مانگە.  گوتیشی "کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان، دەبێت لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەر بدرێت."

پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە.

رۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە. لیستەکە لە 19 کەس پێکهاتبوو، بەڵام نەوزاد هادی، یەکێک لە دوو کاندیدەکەی پارتی، کشانەوەی خۆی راگەیاند؛ بەمەش 18 کاندید لە کێبرکێیەکەدا مانەوە. 

ئەمانە 18 کاندیدەکەی دیکەن:

1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی

2- فوئاد محەممەد حوسێن بەکی

3. نزار محەممەد سەعید محەممەد

4- شوان حەوێز فەریق نامیق

5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد

6- حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری

7- نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا

8- ئاسۆ فەرەیدوون عەلی

9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی

10- سەباح ساڵح سەعید

11- ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی

12- سەردار عەبدوڵڵا مەحموود

13- موسەننا ئەمین نادر

14- خالید سدیق عەزیز محەمەد

15- ئازاد مەجید حەسەن

16- رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا

17- سالم حەواس عەلی ساعدی

18- لەتیف محەممەد جەمال ڕەشید

 

پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو. 

 

هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق

1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.

2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.

3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

4. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.