شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون رۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە
دۆخی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونەوە بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. ئەکرەم ساڵەح، پەیامنێری کوردستان24 لە قامشلۆ ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی تێکچوونی بارودۆخەکەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی گوندەکانی دەوروبەر ئاوارە بوون و ڕوویان لە ناوەندی شاری قامشلۆ کردووە، ئێستا لەناو مزگەوت و قوتابخانەکاندا نیشتەجێ کراون و لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 هەزار ئاوارە لە ناوچەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە، رەقە و تەبققەوە گەیشتوونەتە ناوچە جیاجیاکان و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ژمارەیەکی دیکەی زۆر لەو ئاوارەیانە ڕوویان لە شاری حەسەکە کردووە. پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان، پێدەچێت ژمارەی ئاوارەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا بگاتە 150 هەزار کەس، ئەمەش لە کاتێکدایە ناوچەکە بەدەست کەمیی هاوکارییە مرۆییەکانەوە گرفتارە.
سەرەڕای ئەوەی لە ڕابردوودا چەندان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان چالاک بوون، بەڵام ئێستا هیچ کام لەو ڕێکخراوانە هاوکارییەکی ئەوتۆ پێشکەش بە ئاوارە نوێیەکان ناکەن. لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانەدا، تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک لایەنی فریاگوزار لە مەیدانەکەدا ماوەتەوە و بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکاریی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو خێزانانەی کە بەهۆی بارودۆخەکەوە دەربەدەر بوون.