فوئاد حوسێن: پەرلەمانتارانی عێراق بڕیاردەدەن کێ دەبێتە سەرۆککۆمار
فوئاد حوسێن دەڵێت، پارتی و یەکێتی لەبارەی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ژمارەیەک پرسی هەستیاری ئەمنی و سیاسی، کە گرنگترینیان دۆسیەی زیندانیانی داعش لە سووریا و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بوون.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، فوئاد حوسێن نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی تا ئێستا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی. راشیگەیاند: "لیستی کۆتایی کاندیدان 18 کەسی لەخۆدەگرێت، و لە کۆتاییدا پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات کە لەنێوان ئەو کاندیدانەدا کێ بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرێت."
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی زیندانیانی داعش پرسێکی ستراتیژییە و ڕاستەوخۆ بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە گرێدراوە، بەتایبەت کە زۆربەی ئەو زیندانیانە "سەرکردەی مەترسیدارن". ئاشکراشی کرد کە حکوومەتی عێراق لەگەڵ لایەنی سووری گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ وەرگرتنەوەی تەنیا ئەو چەکدارانەی کە ڕەگەزنامەی عێراقییان هەیە.
فوئاد حوسێن گوتیشی: "ئێمە ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەیان، بەڵام تێبینیمان هەیە و داوامان لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە کە بەرپرسیارێتیی گواستنەوە و تێچووی دارایی ئەم پڕۆسەیە لە ئەستۆ بگرن." ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە ڕێکاری تووند بگیرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو زیندانانە و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتنی چەکدارانی داعش.
سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش، وەزیری دەرەوە دڵنیایی دا کە ئامادەکارییەکی چڕوپڕ لەسەر سنوورەکانی عێراق و سووریا کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جووڵەیەکی پەیوەندیدار بەو ڕێکخراوە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق.