شاندێکی ڕەوەندی کوردستانی بریندارەکانی هێرشەکەی ئەنتوێرپن بەسەردەکەنەوە
هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی میدیایی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی ئەو هاونیشتمانییە کوردانەیان کردووە کە لە شاری ئەنتوێرپنی وڵاتی بەلجیکا بریندار ببوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانە بە ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی ئەنجامدراوە، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە تەندروستییان و گەیاندنی پەیامی پشتیوانی بۆیان.
بەپێی گوتەکانی بەرپرسی ئۆفیسی میدیایی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئەو هاونیشتمانییانە لە ڕێکەوتی 22ـی کانوونی دووەم لە شاری ئەنتوێرپن، ڕووبەڕووی هێرشێکی کتوپڕی لایەنگرانی حکومەتی دیمەشق بوونەتەوە و بە چەقۆ بریندار کراون.
شاندەکەی کۆنفیدراسیۆن بەناوی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی و تەواوی ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنەوە، هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ خواستن و دووپاتیان کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک لە پشتگیریکردنیان بەردەوام دەبن و هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی ماف و سەلامەتییان ئەنجامی دەدەن.
ئەم هێرشەی سەر کوردانی دیاسپۆرا لە بەلجیکا، هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی دیمەشق بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و کاردانەوەکانی لە دەرەوەی وڵات.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە سەرپەرشتی شیفا بارزانی، ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە ڕێکخستنی کوردانی دەرەوەی وڵات و داکۆکیکردن لە ژیان و کەرامەتیان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە مەترسی و هێرشێکی لەو شێوەیەدا، ئەم سەردانە نیشانەی خەمخۆری و پەرۆشیی بارەگای بارزانی و کۆنفیدراسیۆنەکەیە بۆ چارەنووسی هەر تاکێکی کورد لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بەتایبەت لە کاتی کەوتنەبەر پەلاماری ناحەزان و توندڕەوەکاندا.