هەسەدە: گرووپە چەکدارەکان هێرشیان بۆ سەر کۆبانێ دەستپێکردووەتەوە
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی هەسەدە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشەکانیان بۆ سەر دەوروبەری شاری کۆبانێ دەستپێکردووەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە (دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026)، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە چەندین بەرەوە (میحوەر) هێرشی چڕیان بۆ سەر گوندەکانی (خەراب عەشک و جەلەبیا)، کە دەکەونە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانی، دەستپێکردووە.
هەسەدە روونیکردووەتەوە، ئەم هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ تۆپبارانی چڕی گوندەکان و دەوروبەریان، کە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی هەسەدە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لە نێوان هێزەکانیان و گروپە هێرشکارەکاندا روویداوە. هاوکات دووپاتی کردووەتەوە، هێزەکانیان بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکان، بە تایبەت لە گوندی "جەلەبیا"، کە تا ئێستاش شەڕی قورس تێیدا بەردەوامە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، گروپە هێرشکارەکان بەردەوامن لە هێنانی هێزی پشتیوانی زیاتر، لەوانە تانک و زرێپۆش. هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنەدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
هەسەدە ئەم هێرشانەی بە "پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەست" ناوبردووە، کە تەنها دوو ڕۆژ بوو چووبووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش، بە بڕوای هەسەدە، "پابەند نەبوونی دیمەشق بە بەڵێنەکانی و بەردەوامبوونی لە سیاسەتی پەرەسەندنی سەربازی و تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا" پشتڕاست دەکاتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە جەختی لە مافی ڕەوای خۆی کردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و دیمەشقی بە "بەرپرسیارێتی تەواو"ی ئەم پێشێلکارییانە و لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانیان زانیوە. داواشی لە لایەنە گەرەنتییەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست کردووە "بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و بە پەلە بجوڵێن بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی بەردەوامی دیمەشق."