دارستانێکی گەورەی کەرکووک دەکرێتە بیابان
زیاتر لە 50 دۆنم زەوی لە دارستانێکی گوندی "قەرەبەگ" لە سنووری شارۆچکەی پردێی سەر بە کەرکووک، دارەکانی بە شێوەیەکی نایاسایی بڕاونەتەوە. ئەمەش نیگەرانیی زۆری لەلایەن ژینگەدۆستان و شارەزایانەوە لێکەوتووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ کوردستان24، تا ئەو کاتەی هێزەکان ئاگاداری ئەم کارەساتە ژینگەییە بوون، بەشی زۆری دارستانەکە لەناو برا بوو و دارێکی ئەوتۆی تێدا نەمابووەوە.
پاش ئاگاداربوونەوە، هێزێکی ئەمنی لە شوێنەکە جێگیر کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم پێشێلکارییە دەستگیر نەکراوە. هۆکاری بڕینەوەی دارەکانیش تا ئێستا نادیارە.
شکۆفە ساڵەیی، شارەزای بواری ژینگە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەمەنی هەندێک لەم دارانە بۆ زیاتر لە 20 ساڵ دەگەڕێتەوە. بڕینەوەی ئەم دارانە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژینگەی ناوچەکە دروست دەکات، بەتایبەتی کە زۆربەی دەوروبەری شارەکە خۆی سروشتێکی بیابانی هەیە و مەترسیی وشکبوونی زیاتری لەسەرە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بەپەلە رێگری لەم کارانە بکرێت و ئەو کەسانەی دەستیان لەم تاوانە ژینگەییەدا هەبووە، بەپێی یاسا سزای توند بدرێن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کارانە دووبارە نەبنەوە.
کێشەی ژینگەیی لە کەرکوک تەنیا بریتی نییە لە بڕینەوەی دار، بەڵکوو شارەکە بەدەست چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت. پیسبوونی هەوا بەهۆی دووکەڵی کارگە و کێڵگە نەوتییەکانەوە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان. بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی کەرکووک، کۆمپانیای نەوتی باکووری بە گەورەترین پیسکەری ژینگەی ناوچەکە ناو بردووە، کە بەرپرسە لە 80%ی پیسبوونی ژینگەیی. ئەم کۆمپانیایە گازی هاوەڵی نەوت دەسووتێنێت و بەمەش بڕێکی زۆر گازی ژەهراوی دەچێتە هەواوە.
بەپێی ئامارەکان، ساڵانە زیاتر لە 1,000 کەس لە پارێزگاکە تووشی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی (ئەزما) دەبن، ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە کوالێتیی خراپی هەواوە هەیە.
پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە شێوەیەکی تەندروست بژی، پێویستی بە 20 بۆ 30 مەتر چوارگۆشە رووبەری سەوزایی هەیە. کەچی لە کەرکوک، هەوڵەکان بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی تا ئێستا سەرکەوتنی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە. ئەمەش وای کردووە شارەکە رووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ببێتەوە.