کۆتایی خەونە گەورەکەی سعوودیە، ژیریی دەستکرد جێگەی پرۆژەی نیۆم دەگرێتەوە

دیمەنێکی خەیاڵیی شاری زە لاین. سەرچاوە: ڕۆژنامەی تایمز
دیمەنێکی خەیاڵیی شاری زە لاین. سەرچاوە: ڕۆژنامەی تایمز

شازادە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، فەرمانی داوە پێداچوونەوە بە پرۆژەی دروستکردنی شاری پێشکەوتووی نیۆم، بکرێت.

دووشەممە، 26 کانوونی دووەم، ،2026، رۆژنامەی 'تایمز'ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی" بڕیار بوو پرۆژەی نیۆم، دروستکردنی شاری The Line، کە شارێکی مۆدێرنی پێکهاتوو لە باڵەخانەی بەرز بە پانتایی نیو کیلۆمەتر و درێژیی 200 کیلۆمەتر، لەخۆ بگرێت."

بە گوێرەی نەخشەی دارێژراو، شارەکە، لە هەزاران باڵەخانەی بە ئاوێنە داپۆشراو دروست دەکرا و نزیکەی 500 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ تەرخان کرابوو و بڕیار بوو لە ساڵی 2030 تەواو بکرێت. 
بە گوێرەی پلانەکە، دەبوو شارەکە، هیچ هۆکارێکی هاتوچۆی ژینگەپیسکەری تێدا نەبێت و کارەباکەی لە وزەی خۆر و با، دابین بکرێت و ڕێژەی سەوزایی تێیدا بگاتە نزیکەی لە %50.

پرۆژەکە، لە لایەن شازادەی جێنشین، محەممەد بن سەلمانەوە راگەیەندرا، کە فەرمانڕەوای راستەقینەی شانشینەکەیە و سەرپەرشتیی پلانێک دەکات بۆ ئەوەی تا سەرەتای سەدەی داهاتوو، سەرچاوەکانی ئابووریی وڵاتەکەی هەمەچەشن بکات، کە ئیستا تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت.

بەڵام جیبەجێکردنی پرۆژەکە، بە ئارەزووی شازادە نەدەگەڕا و رۆژ بە رۆژ زیاتر بێزار دەبوو لە سستی بەڕێوەچوونی کارەکان کە بەهۆیەوە و چەندان پڕۆژەی دیکە دواخران، یان بە تەواوی هەڵوەشێنراونەتەوە.

شازادە، بن سەلمان، ئێستا فەرمانی بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەوەی پرۆژەی نیۆم کردووە و وا دەردەکەوێت بە نیاز بێت سەرنجەکەی بگۆڕێت بۆ ئامانجی سادەتر، وەک گەشەپێدانی سەنتەرەکانی داتای ژیریی دەستکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە، بە 'تایمز'ی ڕاگەیاند "پێداچوونەوەکە هێشتا بەردەوامە و تا ئێستا روون نییە ئایا دروستکردنی شارەکە، وەک پرۆژەیەکی بچووکتر و ئاسانتر و پایتەختێکی بە ژیریی دەستکرد بەڕێوەچوو، دەمێنێتەوە یان نا؟"

شازادە، بڕوای وابوو  The Line دەتوانێت پێداویستییەکانی داهاتووی دانیشتووانی وڵاتەکەی دابین بکات و باشتر و خێراتر لە 'ریاز'ی پایتەختی ئێستا گەشە بکات. 

ئەو وای دەزانی بە دانانی ئاستێکی بەرز بۆ پرۆژەکان لانی کەم هەندێک لە ئامانجەکانی بەدی بێن. بەڵام ئێستا رووبەڕووی کورتهێنانی یەک لە دوای یەکی بودجە بووەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، حکوومەت و سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی(PIF) ناچار کرد بیر لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان بکەنەوە و شازادەی ناچار کردووە ئەو بڕیارە بدات.

وێنەیەکی خەیاڵیی ترۆجینا

پرۆژەی نیۆم، دەکەوێتە ناوچەی تەبووک، لە کەناری دەریای سوور و باشووری ئیسرائیل و ئوردن، لە سێ بەشی گەورە پێک هاتووە؛ بەشی یەکەم ترۆجینا(Trojena) کە هاوینەهەوارێکی شاخاوییە لەگەڵ مەیدانی خلیسکێنەی سەر بەفری دەستکرد؛ بڕیار بوو میوانداریی یارییە زستانەکانی ئاسیای ساڵی 2029 تێدا بەڕێوە بچێت، بەڵام لە کاتی خۆیدا ئامادە نابێت.

بەشی دووەم، "ئۆکساجۆن"ە، کە ناوەندێکی پیشەسازیی سەرئاویی وناوەندێکی گەورەی وەبەرهێنانی هایدرۆجینی سەوزە. تاکە بەشی پرۆژەی نیۆم، کە تا ئێستا کراوەتەوە هاوینەهەوار و بەندەرێکی گەورەی یەختی گەشتیارییە لە دەریای سوور بە ناوی 'سیندالە' کردنەوەکەی لە ساڵی رابردوودا بە شکستێکی گەورە لەقەڵەم درا و بووە هۆی ئەوەی شازادە محەممەد بن سەلمان، ئەندازیار نەزمی ئەلنەسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نیۆم، لە کارەکەی دوور بخاتەوە.

شوێنی پرۆژەی نیۆم

 

لە کاتێکدا 'سیندالە' بە ئاهەنگێک کرایەوە کە چەندان کەسایەتیی هونەریی ناوداری جیهانیی تێدا بەشدار بوون و 40 یەختی گرانبەهای تایبەت لە بەندەرەکەیدا لەنگەریان گرت، بەڵام شازادە بن سەلمان، هیچ سەرسام نەبووە و بە تووڕەییەوە پرسیاری کردووە بۆچی تێچووەکەی ئەوەندە زۆر بووە؟

 دەگوترێت نەزمی نەسر، ئەو یەختانەی بەنرخێکی زۆر بە کرێ گرتبوون بۆ ئەوەی ژمارەکەیان لەبەرچاوی شازادە و ئامادەبووان زیاتر دەربکەوێت.

ئەم هەڵسەنگاندنەوەیە لە کاتێکدایە، کە شانشینەکە زیاتر بەرەو جەختکردنەوە لەسەر وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرد (AI) دەڕوات، و کێبڕکێ لەگەڵ ئیماراتی دراوسێی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەیەکی جیهانی لەم تەکنەلۆژیایەدا.

سندووقی وەبەرهێنانی گشتی(PIF)، کە پلانی چاکسازیی ئابووری بەڕێوە دەبات و بەرپرسیارە لە نیۆم، دەستی کردووە بە وەبەرهێنانی گەورە لە دروستکردنی سەنتەرەکانی داتای ژیریی دەستکرد.

چاکسازییە ئابوورییەکان هاوتەریب بوون لەگەڵ ژمارەیەک بڕیار و ڕێسای کۆمەڵایەتی کە ئامانجیان کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی ئاینی بوو لە شانشینەکەدا، کە پێشتر زۆر پارێزگار (محافز) بوو. پۆلیسی ئایینی هەڵوەشێنرایەوە و لە ساڵی 2018دا بۆ یەکەمجار رێگە بە ئافرەتان درا ئۆتۆمبیل لێبخوڕن.

ئەو چاکسازییانە جەماوەرییەکی زۆری بۆ شازادە محەممەد بن سەلمان، لەنێو زۆرێک لە گەنجاندا بەدەست هێناوە، لە هەمان کاتیشدا رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە بەهۆی سەرکوتکردنی نەیاران کە تێیدا هەندێکیان تەنیا لەبەر پۆستێکی رەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سزای دەیان ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.