هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کۆبانێ؛ شەهید و بریندار هەن

هێرشی درۆنی کرایە سەر گوندێکی دەوروبەری کۆبانێ (ئەرشیف)
هێرشی درۆنی کرایە سەر گوندێکی دەوروبەری کۆبانێ (ئەرشیف)

هێرشێکی درۆنی کرایە سەر گوندێکی کۆبانێ و بەهۆیەوە شەش کەس شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون. 

ئەمڕۆ دووشەدممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ سەر ماڵێک لە گوندی "خراب عەشک" لە دەوروبەری کۆبانێ؛ شەش هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و شەشی دیکەش بریندار بوون کە چواریان منداڵن.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، هێرشەکە ماڵی خێزانێکی سڤیلی کردووەتە ئامانج. ئاماژە بەوەش کراوە، بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی ناوچەکە گواستراونەتەوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گرژی و ئاڵۆزییەکان لە پەرەسەندندان. سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ بۆ ماوەی 15 رۆژ، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم لەنێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاتبووە ئاراوە، روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بەردەوام پێشێلکاری لە ناوچەکانی حەسەکە و کۆبانێ تۆمار دەکات.

بەپێی روانگە، ئەم پێشێلکاریانە تۆپبارانکردنی گوندەکانی "خراب عەشک و جەلەبییە" بە چەکی قورس، هەڵکوتانە سەر گوندی "تەل ئەحمەر" لە دەوروبەری کۆبانێ و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی جۆراوجۆر لە دژی چەندین گوندی حەسەکەی لەخۆگرتووە، کە زیانی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە رووداوێکی دیکەفس، تۆپبارانکردنی گوندی "قاسملیە" لە نزیک کۆبانێ، بووە هۆی شەهیدبوونی منداڵێک و برینداربوونی سێ منداڵی دیکە. ئەم رووداوانە دۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێی لەناو دانیشتوانی سیڤیلدا دروستکردووە.

شاری کۆبانێ و دەوروبەری ماوەیەکە رووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی مرۆیی بووەتەوە. بەهۆی گەمارۆ و پێکدادانەکان، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت پچڕاون.