عەبدوڵڵا عەلیاوەیی: دەستبردن بۆ خاک و مووچەی خەڵکی کوردستان، هێڵی سوورە

گێڕانەوەی شکۆی بۆ کۆشکی سەلام، ڕاگرتنی لێبووردنی تایبەت بۆ تاوانباران و، دانانی هێڵی سوور بۆ پاراستنی خاک و مووچەی هەرێم؛ ئەمانە دیارترین خاڵەکانی کارنامەی د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیین بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. ناوبراو هۆشداریی دا لەوەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، مەترسییە بۆ سەر عێراقیش. هاوکات بەڵێن دەدات ئەگەر متمانەی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت، هەموو توانای دیپلۆماسیی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەو زوڵمەی لە نەوەکانی سەلاحەددینی ئەیوبی دەکرێت.

دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان24، دیدگای خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی وڵاتەکە خستەڕوو.

سەبارەت بە مافی خۆکاندیدکردن، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ڕایگەیاند، کە بە پێی دەستووری عێراق، هەموو هاووڵاتییەک مافی خۆیەتی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات.

 ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێنەوە نەریتێکی سیاسی (عورف) دروست بووە کە پۆستە سیادییەکان دابەش کراون (سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆک کۆمار بۆ کورد)، بەڵام مەرج نییە ئەو کوردە سەر بە حزبێکی دیاریکراو بێت.

د. عەبدوڵڵا دووپاتی کردەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار موڵکی حزبێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو موڵکی کوردە، ئەگەرچی لە سەردەمی خوالێخۆشبوو مام جەلالدا ڕێککەوتن هەبووە، بەڵام ئێستا هەموو کوردێک مافی خۆیەتی. هەروەها متمانەی تەواوی بە خۆی نیشان دا کە بەهۆی ئەزموونی 20 ساڵ کارکردنی لە بەغدا و پەیوەندیی باشی لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکان، دەتوانێت دەنگێکی باش بەدەست بهێنێت، هەرچەندە دانی بەوەدا نا کە ڕکابەریی حزبە گەورەکان کارێکی ئاسان نییە.

گێڕانەوەی شکۆ بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ڕەخنەی لە دۆخی ئێستای سەرۆکایەتیی کۆمار گرت و ڕایگەیاند کە ئەو دامەزراوەیە شکۆی لە دەست داوە و بووەتە جێگای تانەی خەڵک. بەڵێنی دا یەکەم کاری گێڕانەوەی شکۆ بێت بۆ ئەو پۆستە. وەک هەنگاوی یەکەمیش، ڕێگە نادات سەرۆک وەزیران لە پەرلەمانەوە متمانە وەربگرێت، بەڵکو دەبێت لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ڕابسپێردرێت.

ناوبراو ئەو تێڕوانینەی ڕەتکردەوە کە پۆستەکە تەنیا "تەشریفاتی" بێت، بەڵکو جەختی کردەوە کە سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستوورە و دەسەڵاتی زۆری هەیە، لەوانە: لەکارخستنی کارەکانی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و وەرگرتنەوەی متمانە لێیان، ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی و جەنگ، تانەدان لە یاساکان لە دادگای فیدراڵی و دروستکردنی ڕای گشتی.

هەڵسەنگاندنی سەرۆککۆمارەکانی پێشوو
سەبارەت بە ئەدای سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو، د. عەبدوڵڵا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە تەنیا لە ئەدای "مام جەلال" ڕازی بووە بە ڕێژەی %100 ، هەروەها و تا ڕێژەی 80٪یش لە د. فوئاد مەعسووم ڕازی بووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2018ەوە بە هیچ شێوەیەک لە ئەدا و کارەکانی دیکە ڕازی نییە، چونکە لە نزیکەوە وەک ڕاوێژکار و چاودێر ئاگاداری کارەکانیان بووە.

ماددەی 140 و کێشە هەڵپەسێردراوەکان
دەربارەی ماددەی 140ـی دەستوور، د. عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ماددەیە پشتگوێ خراوە. ڕوونی کردەوە کە لە سەردەمی کابینەکانی مالیکیدا گرنگیی پێ دراوە و خۆشی ڕۆڵی هەبووە لەو قۆناغەدا، بەڵام دواتر بەهۆی لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا فەرامۆش کراوە. دۆخی ئێستای کەرکووک و پەلاماردانی جوتیاران و گوندنشینانی بە قبووڵنەکراو وەسف کرد و تاکە چارەسەریشی لە جێبەجێکردنی ماددەکەدا بینییەوە.

مووچەی هەرێم و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی گوتەکانی د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، پەیوەست بوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ناوبراو بە توندی جەختی کردەوە کە مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندییان بە ململانێ سیاسییەکانی هەولێر و بەغداوە نییە. ڕایگەیاند: "ئەگەر ببمە سەرۆک کۆمار، هەڵوێستی زۆر جیددیم دەبێت بەرانبەر بڕینی مووچە، تەنانەت ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ئامادەم بەغدا جێبهێڵم و دەست لەکار بکێشمەوە، چونکە من سوێندم خواردووە بەرگری لە گەلەکەم بکەم و قبووڵ ناکەم گەلەکەم برسی بکرێت."

هاوسەنگیی نێودەوڵەتی و پرسی سزای لەسێدارەدان
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، د. عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لەنێوان بەرداشی ئەمەریکا و ئێراندایە و سەرۆک کۆمار دەبێت ڕۆڵی هاوسەنگکەر و نێوەندگیر ببینێت، نەک تەنیا لە ناوخۆ بەڵکو لە دەرەوەش.

لە پرسی واژۆکردنی سزای لەسێدارەدان، ڕایگەیاند کە هاوشێوەی مام جەلال واژۆ لەسەر دۆسیەی سیاسی ناکات، بەڵام دەستپارێزی ناکات لە واژۆکردنی سزای تیرۆریستان و بکوژان، چونکە ئەوە فەرمانی خودایە و مافی کەسوکاری قوربانییانە. 

ڕەخنەی توندیشی لە دەرکردنی "لێبووردنی تایبەت" (عەفوی خاس) گرت بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و گەندەڵکاران لە خولەکانی پێشوودا و بەڵێنی دا کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنێت.

هێڵی سوور؛ هێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستان
د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی "هێڵی سوور"ی خۆی بە ڕوونی دیاریی کرد و گوتی: "هەر کاتێک هێزی سەربازی بنێردرێتە سەر کوردستان و شارە کوردییەکان، من قبووڵی ناکەم و هەڵوێستم دەبێت، ئەگەر هەر هیچ هیچم بۆ نەکراو ئەو کات دەست لەکار دەکێشمەوە. من بۆ خەوتن ناچمە بەغدا، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەم دەچم."

هەروەها ستایشی هەڵوێستەکانی نووری مالیکی کرد و بە "پیاوێکی لە خوداترس و دۆستی کورد" وەسفی کرد کە لە سەردەمی ئەودا هێرش نەکراوەتە سەر کوردستان.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە ڕۆژاوای کوردستان
لە وەڵامی کۆتا پرسیاردا، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "بەڕاستی زوڵمێکی زۆر لە ڕۆژاوای کوردستان دەکرێت و بە داخەوە تەنیا حکومەتی سووریا نییە، بەڵکو وڵاتانی تریش بەشدارن. ئەوەی دەکرێت، لە سووتاندنی گەنجان و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، ماییەی شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی سووریا و کارەکانیان جێگەی قبووڵ نین، بە دتایبەت کە نەوەکانی سەڵاحەددینی ئەیوبی وا لێ دەکرێت."

 هۆشداریشی دا کە ئەگەر دوژمنان لەوێ سەربکەون، ڕوو دەکەنە عێراقیش. بەڵێنی دا کە وەک سەرۆک کۆمار هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی ئەو زوڵمە بخاتە گەڕ و ستایشی خەڵکی باشووری کوردستانی کرد لە بەرانبەر هەڵوێست و هاوکارییەکانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.