بڵند ئیبراهیم: لەنێو 25 منداڵدا من هەڵبژێردرام کە بەشداری لە فیلمێکی سینەمایی گەورەدا بکەم
سینەماکار، بڵند ئیبراهیم، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر یەکەم ئەزموونی خۆی لە فیلمێکی سینەماییدا و باس لە خەونی داهاتووی خۆی دەکات و دەڵێت:ئێستا کە تەمەنم 13 ساڵە حەزی من سینەمایە، کە گەورەش بووم حەز دەکەم هەر لە بواری سینەمادا کار بکەم و بەردەوام بم.
کوردستان24: چۆن بوو بڕیارتدا بەشداری لە فیلمێکی سینەمایی وا گەورەدا بکەیت؟
بڵند ئیبراهیم: من لە ڕێگەی حەمە ڤاینەرەوە چوومە ناو ئەو پرۆژەیە، کە سەید کەمال، دەرهێنەری فیلمی "تیمساح"، منی بینیبوو، پێی باش بوو، ئەو ڕۆڵە بەمن بدات، لە کاتێکدا لەنێو 25 منداڵدا، کە دەرهێنەر تێستی بە هەر هەموومان کرد، بەڵام ڕۆڵ گێڕانەکەی من دەرهێنەری سەرسام کرد، بۆیە بڕیاریاندا من هەڵبژێرن بۆ بەشداریکردن لە فیلمی سینەمایی "تیمساح".
کوردستان24: بەشداری کردنت لەو فیلمە سینەماییەدا، ، وەک منداڵێک کە یەکەم ئەزموونتە، بۆ تۆ سەخت نەبوو؟
بڵند ئیبراهیم: ئەزموونەکە بۆ من زۆر قورس بوو، چونکە ڕۆڵی منداڵێک دەگێڕم کە ناوم "سیروان"ە، کە بڕێک ماددەی هۆشبەر لەسەر زەوی هەڵدەگرمەوە دەیخۆم و دواتر پێی دەمرم، کاتێک منیان خستە ناو کفن، زۆر ناخۆش بوو بۆ من، بەڵام ئەوە فیلمە و ڕۆڵەکەم وا بوو، ناچار بووم بەرگەی ئەو سەختییە بگرم، زۆر پێم ناخۆش بوو کە ماددەی هۆشبەر لەناو ئەو کیسەیە دابوو کە هەڵم گرتەوە، بۆ من و بۆ دەرهێنەریش ناخۆش بوو، بەڵام سیناریۆی فیلمەکە وابوو دەبووایە بەم شێوەیە بێت.
کوردستان24: ئەگەر پرۆژەیەکی سینەمایی دیکە بخەنە بەردەستت و ڕۆڵت پێ بدەن، بەشداری دەکەیت؟
بڵند ئیبراهیم: بەدڵنیایییەوە بەشداری دەکەم، دوای ئەو فیلمە، دەرهێنەر پێمی گوت، من زۆر سەرسامی ڕۆڵ گێڕانەکەتم، هەر پرۆژەیەکی هونەری نوێم هەبێت، ڕۆڵت پێ دەدەم، هەر دەرهێنەرێکی تریش، حەز بکات و منی بە دڵ بێت، زۆر حەز دەکەم بەشداری بکەم، منیش ئەوەی لە توانامدا دابێت پێشکەشی دەکەم، ئەگەر ڕۆڵەکە هەر چەند سەختیش بێت، من ئامادەم ڕووبەڕووی ئەو سەختییە ببمەوە.
کوردستان24: کە گەورە بوویت، هەر بەردەوام دەبیت لەسەر کاری هونەری؟
بڵند ئیبراهیم: بەڵێ هەر بەردەوام دەبم، من تەمەنم 13 ساڵە، نازانم لە داهاتوو بیرکردنەوەم چۆن دەبێت، من بەهۆی بەشداریکردنم لەو فیلمە سینەماییەدا، لە قوتابخانە لە وانەیەک کەوتم، چونکە کاتی خوێندنم کەم بوو، بەڵام هەوڵ دەدەم لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بم، چونکە سینەما ئەگەر سەختیش بێت، من ئەو سەختییەم خۆش دەوێت.
کوردستان24: لەلایەن خێزانەکەتەوە، پاڵپشتی دەکرێیت بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لەسەر کاری هونەری لە داهاتوودا؟
بڵند ئیبراهیم: دایک و باوکم زۆر پاڵپشتی من دەکەن، نەک لە ڕووی هونەرییەوە، بەڵکو لەڕووی هەموو شتێکەوە هەردەم پشتگیریم دەکەن، باوکم خۆی منی دەبرد بۆ شوێنی وێنەگرتنی فیلمەکە، هەمیشە ئامۆژگاری دەکردم کە نەترسم، بەجوانی ڕۆڵی خۆم بگێڕم، بۆیە من لێرەوە زۆر سوپاسی دایک و باوکم دەکەم و زۆرم خۆش دەوێن.
کوردستان24: کە بۆ یەکەمجار، لە سینەمادا سەیری نواندنی خۆت کرد لە فیلمەکەدا، هەستت چۆن بوو؟
بڵند ئیبراهیم: هەستێکی خۆش و ناخۆشم هەبوو، هەستە خۆشەکەم ئەوەبوو کە فیلمەکەی خۆم بینی و زۆر دڵخۆش بووم، هەستە ناخۆشەکەم ئەوەبوو، کە لەلای دایک و باوکم دانیشتبووم سەیری فیلمەکەمان دەکرد، لەو دیمەنەی کە من مردم و منیان خستە ناو کفن، سەیری دایک و باوکم کرد، بە کوڵ دەگریان، ڕاستە مردنی من ڕاستی نەبوو، بەڵکو فیلم بوو، بەڵام کە دایک و باوکم بینی بەمشێوەیە دەگرین، بۆمن هەستێکی ناخۆش بوو.
کوردستان24: وەک منداڵێکی سینەماکار، خەونی داهاتووت چییە؟
بڵند ئیبراهیم: خەونی من ئەوەیە، بتوانم خوێندنەکەم بەسەرکەوتوویی تەواو بکەم، دواتر حەز و خولیاکانم بەدیبهێنم، ئێستا کە تەمەنم 13 ساڵە حەزی من سینەمایە، کە گەورەش بووم حەز دەکەم هەر لە بواری سینەمادا کار بکەم و بەردەوام بم.
سینەماکار، بڵند ئیبراهیم، تەمەنی 13 ساڵە و خەڵکی شاری هەولێرە، یەکەم ئەزموونی خۆی وەک نواندن تاقی کردەوە لە فیلمێکی سینەمایی گەورە بەناوی "تیمساح".








