مەزڵووم عەبدی: پێویستە جیهان پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەرانبەر قوربانیدانی کۆبانێ

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە یازدەهەمین ساڵیادی تێکشاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کۆبانێ، پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای کرد، پێویستە جیهان پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەرانبەر قوربانیدانی کۆبانێ.

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لە کاتێکدا یاد و شکۆی سەرکەوتنی کۆبانێ بەرز ڕادەگیرێت، ئێستا خەڵکی ئەو شارە لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردان و ڕووبەڕووی هێرشی سەربازیی زۆر قورس دەبنەوە.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، کۆبانێ لە پێناو پاراستنی مرۆڤایەتی و جیهان لە هەڕەشەکانی تیرۆر، قوربانییەکی بێوێنەی داوە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڵاتانی جیهان بەرپرسیارێتی و سۆزداریی خۆیان بەرانبەر بەو قوربانیدانە نیشان بدەن و پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ پاراستنی شارەکە لەو هێرش و گەمارۆیانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە. 

عەبدی لە پەیامەکەیدا سڵاوی بۆ بەرخودانی بێوێنەی خەڵکی کۆبانێ نارد کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هێشتا بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە وەستاونەتەوە.
پەیامەکەی مەزڵووم عەبدی لە کاتێکدایە کە ڕێک 11 ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی داعش تێدەپەڕێت، کە لە 26ـی کانوونی دووەمی 2015 وەک یەکەمین شکستی گەورەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کرا. 

کۆبانێ کە بە (قەڵای بەرگر) دەناسرێت، لەو سەردەمەدا بە پشتیوانیی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستبهێنێت، لە ئێستادا کە شارەکە جارێکی تر کەوتووەتەوە ژێر فشاری سەربازی و گەمارۆی هێزەکانی سەر بە دیمەشق، فەرماندەیی هەسەدە داوای دەستوەردانی جیهانی دەکات بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی و پاراستنی ئەو سیمبولە نێودەوڵەتییەی کە جیهانی لە تیرۆر پاراست.