تۆم بەڕاک: پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە

تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقەوە دەڵێت؛ دەبێت حکوومەتەکە هەماهەنگی لەگەڵ دراوسێکانی و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبێت.

دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026، تۆم بەڕاک, لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕاگەیەنراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای لای خۆی بڵاوکردووەتەوە کە باس لە پەیوەندیی تەلەفۆنی سوودانی و مارکۆ ڕۆبیۆ دەکات، بەڕاک لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە نووسیویەتی: پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە عێراق کە هەماهەنگی لەگەڵ دراوسێکانی و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبێت، زۆر گرنگە لە پێناو سەقامگیریی تەواو ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی ئابووری عێراق.

لێدوانەکانی بەڕاک لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مارکۆ ڕۆبیۆ دووپاتی کردەوە؛ حکوومەتی نوێی عێراق ئەگەر پەیوەست بێت بە ئێرانەوە ئەوە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی خۆی ناکات.