سەرەڕای ئاگربەست هێرش بۆ سەر کۆبانێ و حەسەکە بەردەوامە
سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، بەڵام سوپای سووریا هێرشەکانی بۆ سەر کۆبانێ و حەسەکە چڕ کردووەتەوە و لە بەرانبەردا شەڕڤانان وەڵامیان دەدەنەوە، هاوکات بەهۆی بۆسەیەکی ئەو سوپایەوە 5 ئەندامی خێزانێکی کورد شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
نێردەی "کوردستان24" لە قامشلۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر شاری کۆبانێ و ناوچەکانی دەوروبەری حەسەکە بەردەوام بووە.
نێردەی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، چەکدارانی سەر بە سوپای سووریا هەوڵیان داوە لە نێوەندی گوندەکانەوە بەرەو نێو حەسەکە پێشڕەوی بکەن، بەڵام سەرجەم هێرشەکانیان لە کۆبانێ و حەسەکە لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە. هەروەها ئەو هێزانەی سوپای سووریا کەوتوونەتە نێو بۆسەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەو هۆیەوە بەشێکی زۆریان ڕزگارییان نەبووە و کوژراون.
سەبارەت بە هۆکاری پابەندنەبوونی سوپای عەرەبیی سووریا بە ئاگربەستەکەوە، نێردەی کوردستان24 ڕوونی کردەوە؛ ئەو سوپایە ئێستا ڕێکخراو و یەکگرتوو نییە و لە ژمارەیەکی زۆر گرووپ و چەکداری جیاواز پێکهاتووە. تەنانەت بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان دەرکەوتووە کە چەکداری پێشووی بەرەی نووسڕە و داعش لەنێو ڕیزەکانی سوپاکەدا هەن، هەربۆیە بەشێک لەو گرووپانە پابەندی هیچ بڕیارێکی ئاگربەست نابن.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا، نێردەی کوردستان24 ئاشکرای کرد؛ ڕێکخراوی (CPT) کەیسێکی خەمناکی خێزانێکی ڕۆژئاوای کوردستانی تۆمار کردووە. خێزانەکە کە ژمارەیان 10 کەس بووە، ویستوویانە لە دێرەزوورەوە هەڵبێن و ئاوارەی ناوچەیەکی ئارام بن، بەڵام کەوتوونەتە نێو بۆسەیەکی سوپای عەرەبیی سووریاوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، سوپاکە دەستڕێژی گوللەیان لە خێزانەکە کردووە و بەو هۆیەوە 5 ئەندامی خێزانەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە کۆمەڵکوژ کراون و 5 ئەندامەکەی دیکەشیان بریندار بوون.