ئیلهام ئەحمەد: ئاگربەست جێبەجێ ناکرێت و ئەوەی لە کۆبانێ ڕوودەدات کۆمەڵکوژییە

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایدەگەیەنێت، ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن حکوومەتی سووریاوە تەنیا قسەیە و لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ ناکرێت، هاوکات دۆخی شاری کۆبانێ بە کۆمەڵکوژی وەسف دەکات.

دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن حکوومەتی دیمەشقەوە نەبووەتە هۆی هیچ پابەندبوونێکی ڕاستەقینە، بەڵکوو هێرشەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی جەزیرە بەردەوامن و ئەوەی لە کۆبانێش ڕوودەدات، کۆمەڵکوژییە

بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەش داوە، درزی نێوان گوتاری فەرمیی حکوومەت و ئەوەی لە واقیعدا ڕوودەدات، نەک هەر بەردەوامە بەڵکوو فراوانتر دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئیلهام ئەحمەد هۆشداریداوە و دەڵێت: هەر پرۆسەیەکی سیاسی ئەگەر بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەست پێ نەکات، لە خەیاڵێک زیاتر نییە.

ناوبراو ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی جیهان گرتووە و دەڵێت: بێدەنگبوون لە ئاست ئەو تاوانانەی دەکرێن شکستهێنانێکی ئەخلاقییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لەو دۆخەی کە ئێستا ڕوودەدات.