ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵی ئەرمینیا دۆسیەی مافی مرۆڤ تاوتوێ دەکەن

دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ڕافایێل مۆڤسیسیان، کاربەڕێکەری کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئەرمینیای لە هەولێر کرد.

 لەو دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و گۆڕینەوەی ئەزموونەکان لە بوارە جیاوازەکانی وەک گەشەپێدانی ئابووری، پەروەردە و کەلتوور کردەوە، بە ئامانجی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییەکان و بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.

لە بەشێکی دیکەی بەیەک گەیشتنەکە، باس لە چەندین دۆسیەی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانیی باش کرا، لەوانە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئازادیی ڕادەربڕین و میدیا، لەگەڵ پاراستنی ئازادیی ئایین و بیروباوەڕ. 

دیندار زێباری تیشکی خستە سەر سیاسەت و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو ئەم سیاسەتانە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکاندا بگونجێنرێن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە گرنگیی میكانیزمی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر کرد و ڕۆڵی ئۆفیسەکەی ڕوون کردەوە لە هەماهەنگیکردن لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گۆڕینەوەی باشترین ئەزموونەکان (Best Practices) یارمەتیدەر دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزکردنی بەها دیموکراسییەکان لە ناوچەکەدا.
ئۆفیسی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانەکان کار دەکات. ئەم ئۆفیسە بەرپرسە لە وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان و چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ. سەردانەکەی دکتۆر دیندار زێباری بۆ کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم دێت بۆ شەفافیەت و نیشاندانی چاکسازییەکان لە بواری مافی مرۆڤ و حوکمڕانیدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.