فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان: دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لەوادەی خۆی بەڕێوەدەچێت

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دواخرابێت، ئاماژە بەوەشدەدات، دانیشتنەکە لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەدەچێت.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق کۆدەبێتەوە.

سەبارەت بە دەنگۆی دواخرانی دانیشتنی پەرلەمان، فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەداوە، دانیشتنەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخرانی دەکەن دوورن لە راستییەوە.

جیاواز لە خولەکانی ڕابردوو، ئەمجارە18 کەس، کێبڕکێ بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکەن. دیارترین کاندیدە کوردەکان بۆ ئەو پۆستە بریتین لە، فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری ئێستا و موسەننا ئەمین، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.

بۆ ئەوەی دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردنەکە یاسایی بێت، پێویستە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، لانی کەم 220 پەرلەمانتار، واتە دوو لەسەر سێی ئەندامان ئامادەی دانیشتنەکە بن و ڕێژەی یاسایی تەواو بکەن.