شاخەوان عەبدوڵڵا: پۆستی سەرۆککۆمار تەنیا بۆ حزبێک نییە
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان24" ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتنەوە، سبەی بە هەمان میکانیزمی ساڵی 2018 دەچنە هۆڵی پەرلەمان و پرسی سەرۆککۆمار لەلایەن پەرلەمانتارانەوە یەکلا دەکرێتەوە. گوتیشی: ئێمە هەوڵمان دا وەک کورد بە یەک کاندید بچینە پەرلەمان، بەڵام یەکێتی ئامادە نەبوو، بۆیە ئێستا دەرفەت لەبەردەم ئەوەدایە پەرلەمانتاران بڕیار بدەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە کە تێڕوانینی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەوەیە کە پۆستەکە هی کوردە، نەک هی حزبێکی دیاریکراو و تاپۆ نەکراوە لەسەر هیچ لایەنێک. ناوبراو ئاشکرای کرد، پێشنیازییان کردووە هاوشێوەی سەردەمی فوئاد مەعسووم، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەنێو خۆیاندا دەنگ بدەن و کاندیدێک یەکلا بکەنەوە، بەڵام یەکێتی ئەو میکانیزمەی ڕەت کردووەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ڕەخنەی لە دووڕوویی پێوەرەکان گرت و گوتی: شیعەکان و سوننەکان چوارچێوەی هەماهەنگی و تەقەدەم بەپێی ماف و کورسییەکانیان پۆستەکانیان دابەش کردووە، بەڵام کە نۆرەی کورد دێت باس لە ڕێککەوتن دەکرێت. پارتی خاوەنی زۆرینەی کورسییە و مافی خۆیەتی کاندیدی هەبێت.
سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی کاندیدەکەیان، شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی کردەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەوەی یەکێتی لەبەرانبەر وەرگرتنی پۆستە سیادییەکانی دیکەی بەغدا، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکان دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار ببێت بۆ پارتی، بەو پێیەی یەکێتی دوو خولە ئەو پۆستەی لایە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: ئەگەر دانیشتنی سبەی ئەنجام بدەین، پرسەکە یەکلا دەبێتەوە، ئەگەر نەشکرێت دەرفەتێکی تر دەبێت بۆ گفتوگۆی زیاتر.