گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکەونە ئامادەباشی

بزووتنەوەی نوجەبا، یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند؛ تەواوی هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ بەشداریکردن لە هەر وەڵامدانەوەیەک بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر وڵاتی دراوسێ. 

فیراس یاسر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی نوجەبا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، تەواوی ناوچەکە بەرەو رووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر دەبات کە وڵاتانی کەنداو و عێراقیش دەگرێتەوە."

یاسر تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەگەری هەیە دامەزراوە ئایینییەکانی نەجەف یان مەرجەعە ئایینییەکانی دیکە، لە کاتی روودانی هێرشی بەرفراواندا، فەرمانی ئایینی (فەتوا) بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی دراوسێ دەربکەن. جەختیشی کردەوە؛ هەماهەنگی لە نێوان گرووپەکانی مقاوەمە لە ئاستی ناوچەکەدا گەیشتووەتە قۆناغێکی باڵا.

ئەم بەرپرسەی نوجەبا رایگەیاند؛ ئەوان چاوەڕێ ناکەن شەڕەکە بگاتە ناو خاکی عێراق، بەڵکو لە یەکەم ساتەوەختی هەر هێرشێکدا دەستپێشخەری دەکەن. هەروەها هۆشداریی دا هەر جۆرە لاوازکردنێکی لایەنی بەرامبەر، زەمینەسازییە بۆ بەئامانجگرتنی عێراق و فراوانبوونی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا گەیشتنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و گرووپی هێرشبەرەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند. چاودێران پێیان وایە ئەم جموجۆڵە سەربازییە یان بۆ فشارخستنە سەر تارانە بۆ رێککەوتنێکی نوێ، یان ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی بەرفراوان کە ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگییە سیاسییەکان بێت لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوخۆییەکانی ناو ئەو وڵاتەش ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

پێشتر ئەمریکا لە بارەی بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە حکوومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە هۆشداری دا بوو بە بەرپرسانی باڵای عێراق.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، سێ بەرپرسی عێراقی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە بەغدا، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەرکردە کاریگەرەکان، لەنێویاندا هەندێک لە سەرۆکی گرووپە چەکدارەکان، لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە، هۆشدارییەکانی ئەمریکای پێڕاگەیاندوون.

داوای ساڵێک لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تاوەکو ئێستا لە هەوڵدایە بۆ دەربازکردنی عێراق لە دەستی دەرەکی و کاریگەری نەرێنی گرووپە چەکدارەکان لە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان، بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار ئەمریکا هۆشداری داوە بە حکوومەتی عێراق، بەڵام ئەمجارە جیاواز دەبێت، چونکە ئەگەری سەپاندنی سزای دارایی لە ڕێگەی بانکی فیدڕاڵییەوە بۆ سەر عێراق لە لایەن ئەمریکاوە ئەگەرێکی کراوەی بەهێزە ئەمەش بە کەمکردنەوەی پێدانی دۆلاری ئەمریکی بە بانکی ناوەندی عێراق.