ناز جەلال: 44 بارهەڵگر کەلوپەل و زیاتر لە 260 ملیۆن دینار بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆکردووەتەوە

 بەڕێوەبەری (EGCC) لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لەماوەی شەش رۆژی کەمپینی هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوا 44 بارهەڵگر کەلوپەل و زیاتر لە 260 ملیۆن دینار کۆ کراوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، ناز جەلال بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر (EGCC) لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی شەش رۆژی کەمپینی هاوکاریی کوردانی رۆژئاوا، کەلوپەلێکی زۆری زستانە وەکو بەتانی و جلوبەرگ و خۆراک کۆ کراوەتەوە.

ناز جەلال، گوتیشی: تاوەکوو ئێستا لەم کەمپینە، نزیکەی 44 بارهەڵگر کەلوپەل کۆ کراوەتەوە، ئەمە جگە لە کۆکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان کە گەورە و بچووک دێن و هاوکارییەکانیان دێنن، تا ئێستا 261 ملیۆن دینار کۆ کراوەتەوە.

بەڕێوەبەری (EGCC) ئاماژەی بەوەش کرد، داوامان لە هاووڵاتیانە زیاتر کەلوپەلی زستانە بێنن، وەکو بەتانی و جلوبەرگی زستانە و چونکە کەشوهەوای ئەوێ زۆر ساردە، هەروەها پێویستمان بە خۆراک و شیری منداڵان هەیە، دەشڵێت، ئەم کەمپینە بۆ چەند رۆژی داهاتووش بەردەوام دەبێت تاوەکوو بتوانین زۆرترین هاوکاری کۆ بکەینەوە.

ناز جەلال، باسی لەوەش کرد، هەموو تیمەکانمان لە بەیانی زوو تاوەکوو درەنگانی شەو لێرە ئامادەین، دەستخۆشی لە هاووڵاتیان دەکەین هەرکاتێک بێن و هاوکارییەکانیان بەئێمە بگەیەنن.