عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڕەشە لە جووتیارانی گوندی تەپەسەوز دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی پۆلیس و سوپای عێراق چوونەتە سەر گوندی "تەپەسەوز" لە سنووری خورماتوو.
جووتیارانی ناوچەکە دەڵێن: "عەرەبە هاوردەکان لەبەردەم چاوی هێزە ئەمنییەکاندا هەڕەشەی داگیرکردنی زەوییەکانمان لێ دەکەن."
دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، دەسەڵاتی سەپێنراو لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە فشارێکی زۆریان لەسەر کورد دروست کردووە. ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە دانیشتووانە ڕەسەنەکە ئاوارە بن و نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هاوکات پرسی زەویی و زار وەک کێشەیەکی سەرەکی لە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە ماوەتەوە.