نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کوردستان24: پێشوازی لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کۆبانێ دەکەین
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاگەیاند: پێشوازی لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کۆبانێ دەکەن.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، خۆشحاڵیی ڕێکخراوەکەی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ شاری کۆبانێ دەربڕی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، نەتەوەیەکگرتووەکان بە بایەخەوە دەڕوانێتە هەر هەوڵێک کە ببێتە هۆی سووککردنی ئازاری هاووڵاتییانی سڤیل و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ لێقەوماوان لەو ناوچانەی کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی جەختی لەوە کردەوە، کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان و گەیشتنی کۆمەکەکان بۆ ناو شاری کۆبانێ هەنگاوێکی زۆر پێویست و گرنگە.
ئەم پێشوازییەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە شاری کۆبانێ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆ و پێکدادانە سەربازییەکانەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی قووڵ ببووەوە، دوای هەوڵە دیپلۆماسییەکان و گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێڕەوەکانی گەیاندنی هاوکاری کرانەوە و یەکەمین کاروانەکانی خۆراک و دەرمان گەیشتنە ناو شارەکە، نەتەوەیەکگرتووەکان وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و یاساییەکانی، چاودێریی وردی دۆخەکە دەکات و داوای بەردەوامیی ئەم پڕۆسەیە دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە کارەساتێکی مرۆیی کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی سەدان هەزار هاووڵاتیی نیشتەجێی باکووری سووریا.