لە ئەمریکا بەهۆی زریانی جەمسەری 38 کەس گیانیان لەدەست دا

شەپۆلێکی سەرما و زریانێکی بەهێزی زستانە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکای گرتووەتەوە. بەگوێرەی نوێترین ئامارەکان کە لەلایەن بەرپرسانی حکوومی و دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە، 38 کەس لە 14 ویلایەتی جیاوازدا بەهۆی سەرما و کاریگەرییەکانی زریانەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

زریانەکە لە رۆژی هەینییەوە دەستی پێکردووە، بووەتە هۆی بەفربارینێکی زۆر و دروستبوونی شەختە و سەهۆڵبەندان. ئەم بارودۆخە هاتوچۆی رێگاوبانەکانی بەتەواوی پەکخستووە و سەدان گەشتی ئاسمانیش هەڵوەشێندراونەتەوە. هاوکات زیاتر لە 550 هەزار ماڵ و شوێنی بازرگانی لە سەرانسەری وڵاتدا بەبێ کارەبا ماونەتەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردووە.

لە شاری نیویۆرک، زەهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند؛ 10 کەس لە سنووری شارەکەیاندا بوونەتە قوربانی، چونکە پلەکانی گەرما بۆ نزمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا دابەزیون. پزیشکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان جۆراوجۆرن؛ لەوانە رەقبوونەوە لە سەرما و جەڵتەی دڵ لە کاتی پاککردنەوەی بەفردا.

پسپۆڕانی کەشناسی رایدەگەیەنن ئەم زریانە پەیوەستە بە "گێژەڵوکەی جەمسەری" (Polar Vortex)، کە بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکوورە و بەرەو باشوور کشاوە. لە کاتێکدا زانایان پێیان وایە ئەم تێکچوونە توندانەی کەشوهەوا پەیوەندییان بە "گۆڕانی کەشوهەوا"وە هەیە، نزیکەی 200 ملیۆن ئەمریکی تا سەرەتای مانگی شوبات لە ژێر هۆشداریی توندی کەشوهەوادا دەمێننەوە.

ئەم دۆخە نالەبارە جارێکی دیکە پرسی گۆڕانی کەشوهەوای هێناوەتەوە ناو کێبڕکێ سیاسییەکان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پلاتفۆرمی (Truth Social) گاڵتەی بە تیۆرییەکانی گەرمبوونی زەوی کرد و نووسیویەتی: "ئایا ئەم ژینگەپارێزانە دەتوانن بۆم روون بکەنەوە: گەرمبوونی چی بەسەرهات؟"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەلایەن ناوبراوەوە.

ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هاوکاریکردنی دانیشتووان، بەتایبەتی کەسانی بێ ماڵ و حاڵ، تا ئەو کاتەی شەپۆلەکە کۆتایی دێت.