چەند رەفتارێکی سەیر لە کاتی خەودا ئاماژەن بۆ ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی، پەیوەندییەکی نێوان جۆرە شڵەژانێکی سەیر لە کاتی خەودا لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی لاوازبوونی تواناکانی مێشک لە قۆناغەکانی کۆتایی تەمەندا دۆزیوەتەوە.

ئەنجامی توێژینەوەکە دریدەخات، ئەو شڵەژانە دەمارزانییەی کە بە (iRBD) ناسراوە، وا لە کەسی خەوتوو دەکات رەفتاری توندوتیژ ئەنجام بدات، وەک قیژاندن، شەقوەشاندن و مستەکۆڵە لە کاتی خەودا. پسپۆڕان دەڵێن، ئەمە دەکرێت نیشانەیەکی پێشوەختە بێت بۆ تێکچوونی تواناکانی مێشک و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە لە داهاتوودا.

ئەم جۆرە شڵەژانە نزیکەی 2%ـی کەسانی بەتەمەن دەگرێتەوە. لە کاتی خەوی قووڵدا، بە شێوەیەکی سروشتی ماسولکەکانی جەستە تووشی جۆرێک لە سڕبوون دەبن، بەڵام لەم نەخۆشانەدا ئەو سڕبوونە نامێنێت، بەو هۆیەوە کەسەکە لەبری ئەوەی تەنیا خەون ببینێت، بە جەستە خەونەکانی جێبەجێ دەکات؛ ئەمەش دەبێتە هۆی هاوارکردن، پێکەنین، یان بازدان لەسەر جێگەی خەوتنەکەیدا، کە زۆرجار بەبێ ویستی خۆی دەبێتە هۆی ئازاردانی ئەو کەسەی لە تەنیشتی دەخەوێت.

توێژینەوەکە لە کۆریای باشوور لەسەر 162 نەخۆش ئەنجامدراوە، کە تەمەنیان 66 ساڵ بووە. بۆ ماوەی 7 ساڵ لە رێگەی هەڵسەنگاندنی 320 نیشانەی دەمارزانی و دەروونی، چاودێریی گەشەکردنی تواناکانی مێشکیان کراوە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانە بە شێوەیەکی پلەبەندی تووشی لاوازبوونی بیرەوەری، کەمبوونەوەی سەرنج و خاوبوونەوەی پرۆسەی شیکردنەوەی زانیارییەکان بوونەتەوە. جێگەی سەرنجە ئەم تێکچوونە لەو نەخۆشانەشدا بەدی کراوە، کە هێشتا بە تەواوی تووشی نەخۆشییەکانی وەک پارکنسۆن یان بیرچوونەوەی توند نەبووبوون.

هەروەها توێژینەوەکە جیاوازییەکی گرنگی لەنێوان هەردوو رەگەزدا دۆزیوەتەوە؛ دەرکەوتووە کە رێژەی لاوازبوونی تواناکانی مێشک لەلای ژنانی تووشبوو بەم شڵەژانە، زۆر خاوترە بەراورد بە پیاوان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی مێشکی ژنان توانایەکی زیاتری بەرگریی هەیە لە بەرانبەر گۆڕانکارییە دەمارییەکاندا.

لە کۆتاییدا، توێژەران ئامۆژگاری دەکەن، کە پێویستە سیستەمێکی چاودێریی ورد بۆ نەخۆشەکان دابنرێت کە رەچاوی رەگەزیان بکات، هەروەها داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن بۆ تێگەیشتن لە هۆکارە بایۆلۆژییەکانی پشت ئەم جیاوازییانە.