باکووری کوردستان.. هەشت تووشبووی کۆرۆنا بەهۆی سووتانی بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەک گیانیان لەدەستدا
هەشت تووشبووی کۆرۆنا بەهۆی سووتانی بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەک گیانیان لەدەستدا
K24 - هەولێر
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی سانکو لە دیلۆکی باکووری کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەشت تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا.
ئاژانسی ئەنادۆڵوو رایگەیاند "هەشت کەس بەهۆی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە، کە لەئەنجامی کێشەیەک لە ئامێری ئۆکسجین لە بەشی چاودێریی چڕی تووشبووانی کۆرۆنا کەوتووەتەوە".
نەخۆشخانەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکری کرد، ئاگرەکە لە ئەنجامی تێکچوونی ئامێری ئۆکسجین لە بەشی چاودێریی چڕ هەڵگیرساوە و لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵکراوە".
بەپێی راگەیەندراوەکەی نەخۆشخانەکە، لەو هەشت کەسەی بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە، حەوتیان راستەوخۆ لە بەشی چاودێریی چڕ بوون، یەکێکیشیان لەڕێگەی گواستنەوەی بووە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە.
قوربانییەکان سێیان ژنن و پێنجیان پیاون، تەمەنیان لەنێوان 56 بۆ 85 ساڵە.
نەخۆشخانەکە هەروەها ئاشکرای کردووە؛ 14 نەخۆشی دیکەی بەشی چاودێریی چڕ، گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی دیکە. نەخۆشخانەکەش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی هۆکارەکانی رووداوەکە.
هـ.ر