شەپۆلێکی باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، لە کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2026، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین. شەپۆلەکە سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەست پێدەکات و پاشان تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە بەهێزتر دەبێت؛ لە هەریەکە لە (دهۆک، زاخۆ، سلێمانی، چەمچەماڵ، باکووری کەرکووک، ئیدارەی گەرمیان و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر) بارانی مامناوەند و لێزمە بارانی کورتخایەن و هەورە تریشقە دەبێت. هاوکات، لە لوتکەی چیا بەرزەکان (ئەوانەی زیاتر لە 1500مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن) بەفر دەبارێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، کاریگەری ئەم شەپۆلە تا بەیانی زووی رۆژی پێنجشەممە بە نمە بارانی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت. لە کاتەکانی نیوەرۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکان و لووتکەی چیا بەرزەکان تا دوای نیوەڕۆ ئەگەری بەردەوامیی باران و بەفر دەمێنێتەوە.
پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ 2-3 پلە و بۆ سبەی 1-2 پلەی دیکە نزمدەبنەوە. خێرایی با لە نێوان 10بۆ 20 کم/ک دەبێت و لە هەندێک کاتدا چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30کم/ک.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو:
هەولێر: ئەمڕۆ 14- سبەی 11
سلێمانی: ئەمڕۆ 12 - سبەی 8
دهۆک: ئەمڕۆ 11 - سبەی 10
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 12 - سبەی 9
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 13 - سبەی 9
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 3- سبەی 1
شارەزایانی کەشناسی ئامۆژگاری هاووڵاتیان و شۆفێران دەکەن، لە کاتی سەردانیکردنی ناوچە شاخاوییەکان و کاتی بارانبارینی بەخوڕ، ڕێکاری پێویست بۆ سەلامەتی خۆیان بگرنە بەر.