نموونەیەکی نوێی سێ رەهەندی وردەکارییەکانی نوقمبوونی کەشتیی تایتانیک ئاشکرا دەکات

گەشتێکی لێکۆڵینەوەی زانستی لە باکووری زەریای ئەتڵەسی، سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی نموونەیەکی کۆمپیوتەریی دەگمەن بۆ کەشتیی تایتانیک. ئەمەش دوای ئەوەی لە رێگەی ژێردەریاوە لە قووڵایی نزیکەی 3810 مەتردا، پشکنینی ورد (Scan) بۆ کەشتییەکە ئەنجامدرا.

ئەم گەشتە زانستییە سێ هەفتەی خایاندووە و تێیدا 715 هەزار وێنە و 16 تێرابایت زانیاری کۆکراوەتەوە، ئەمەش وای لە توێژەران کردووە نموونەیەکی سێ رەهەندیی تەواو و بێ کەموکوڕی بۆ کەشتی تایتانیک دروست بکەن.

نموونە نوێیەکە نیشانی دەدات کە بەشی پێشەوەی کەشتییەکە بە شێوەیەکی ستوونی نوقم بووە، بەڵام بەشی دواوەی کە تەنیا 800 مەتر لە بەشی پێشەوە دوورکەوتووەتەوە، بە تەواوی تێکچووە و بووەتە پارچە ئاسنێکی شێواو. هەروەها هەزاران پارچەی کەلوپەل و پێداویستیی کەسیی سەرنشینەکان لەسەر رووبەری 15 میلی چوارگۆشە بڵاوبوونەتەوە.

ئەم مۆدێلە سێ رەهەندییە یارمەتیدەر بووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەندێک لەو گریمانانەی لەسەر رووداوەکە هەبوون. بۆ نموونە؛ دەرکەوتووە (سەمامێکی) هەڵم بە کراوەیی ماوەتەوە، ئەمەش رۆڵی جۆزێف بێڵ، گەورە ئەندازیاری کەشتییەکە و تیمەکەی روون دەکاتەوە کە چۆن توانیویانە تاوەکو کۆتا ساتەکان رووناکیی کەشتییەکە بە داگیرساوی بهێڵنەوە. هەروەها دۆخی ئەو ئامێرەی قایەغەکانی رزگارکردنی پێ دادەگیرا، نیشانی دەدات کە ویلیام مەردۆخ، یاریدەدەری یەکەمی کاپتن تا کۆتا ساتەکان خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بووە.

هاوشێوەکردنێکی نوێی کۆمپیوتەری بۆ کاتی پێکدادان لەگەڵ شاخە سەهۆڵینەکە، ئەوەی دەرخستووە کە پێکدادانەکە تەنیا 6 چرکەی خایاندووە. لەو ماوە کورتەدا، چەند کونێک بە درێژایی 12 مەتر لە نێوان 6 بەشی کەشتییەکەدا دروست بووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی نوقمبوونی یەکجاریی کەشتییەکە.

ئەم نموونە سێ رەهەندییە رێگە دەدات توێژینەوەی ورد لەسەر پرۆسەی رزین و تێکچوونی پارچەکانی تایتانیک بکرێت بەبێ ئەوەی زیان بە پاشماوەی کەشتییەکە بگەیەنرێت. هاوکات دەبێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی مۆزەخانەی ئەلیکترۆنی و بەرنامەی پەروەردەیی لە بوارەکانی ئەندازیاری، فیزیا و مێژوودا.