حزبوڵڵای عێراق دژی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا، داوای بەرەیەکی یەکگرتوو دەکات

لیواکانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، داوای لە هێزە سیاسییەکانی وڵات دەکەن هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بەرامبەر دەستێوەردانەکانی ئەمریکا بگرنەبەر، و هۆشدارییان دا لەوەی واشنتن دەیەوێت "هەژموونێکی زەلیلکەر" بەسەر بڕیاری سیاسیی عێراقدا بسەپێنێت.

لە بەیاننامەیەکدا کەتائیبی حزبوڵڵا رایگەیاندووە: "دەستێوەردانی ئاشکرای ئیدارەی ئەمریکا لە چوارچێوەی سەپاندنی هەژموونی خۆیدایە بەسەر ڕەوتی بڕیاردانی سیاسی عێراقدا." بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەستێوەردانانە ئەرکێکی نیشتمانییە و پێویستە ببێتە هاندەرێک بۆ پتەوکردنی سەروەری و سەربەخۆیی وڵات.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە ئەم دۆخە هێزە سیاسییەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ تێپەڕاندنی جیاوازییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو سیاسەتەی دەیەوێت عێراق بخاتە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکاوە. کەتائیب هۆشداریی داوە ئەگەر مقاوەمە نەبێت، عێراق بەرەو رادەستبوون بە داگیرکەر هەنگاو دەنێت.

ئەم بەیاننامەیەی کەتائیب حزبوڵڵا لە کاتێکدایە ناوماڵی سیاسی عێراق رووبەڕووی ئاڵۆزی بووەتەوە. سەرچاوە نزیکەکان لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتداران بە میدیا عێراقییەکانی رایانگەیاندووە؛ دووبەرەکی لە نێوان سەرکردەکاندا دروست بووە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە ناو هاوپەیمانییەکەدا فراکسیۆنێک سوورە لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لە بەرامبەردا فراکسیۆنێکی دیکە بەدوای کاندیدێکی بەدیلدا دەگەڕێت بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر پەرەسەندنێکی توندی ناوخۆیی یان دەرەکی.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانەکانی رۆژی سێشەممەدا بە راشکاوی ڕەتیکردەوە پشتگیری لە کاندیدکردنی نوری مالیکی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەو بکات، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا لێکەوتووەتەوە.